بانکەکانی پێنجوێن و باشماخ یەکدەخرێن
لە چوارچێوەی پرۆسەی یەکخستنەوەی بانکەکاندا، هەردوو بانکی پێنجوێن و باشماخ یەکدەخرێن و بنکە سەرەکییەکەیان دەچێتە باشماخ. هاوکات بڕیارە دابەشکردنی مووچە بە کاش لە بانکی پێنجوێن کۆتایی بێت و پرۆسەکە بەتەواوی بکرێتە دیجیتاڵی.
لەوبارەیەوە خالید محەممەد، بەڕێوەبەری بانکی باشماخ، بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆرینەی بانکەکان یەکدەخرێن و بەشێکیان نامێنن، بۆیە بانکی پێنجوێن لەگەڵ بانکی باشماخ دەکرێنە یەک بانک و بنکە سەرەکییەکەشی لە باشماخ دەبێت.
سەبارەت بە چارەنووسی فەرمانبەرانی بانکەکە، خالید محەممەد گوتی، لیژنەیەک لە وەزارەتی دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەکان پێکهێنراوە و رێکارەکانی دابەشکردنی فەرمانبەران و پرسی کارمەندانی هەردوو بانکەکە یەکلایی دەکاتەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، سبەی پێنجشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، دوایین مۆڵەتە بۆ دابەشکردنی مووچە بە کاش و لەمەودوا پێدانی مووچە تەنیا بە دیجیتاڵی دەبێت.
بەڕێوەبەری بانکی باشماخ باسی لەوە کرد، سەرجەم فەرمانبەران لە پڕۆژەی "هەژماری من" تۆمار کراون، بەڵام بەشێک لە فەرمانبەران هێشتا پارە نەچووەتە سەر هەژمارەکانیان، بۆیە ئەم مانگەش لە بانک مووچە وەردەگرن. روونیشی کردەوە، زیاتر لە 5%ـی ئەوانەی مووچە بە کاش وەردەگرن خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانن. لە کۆتاییدا دڵنیایی دا، مانگی داهاتوو هیچ فەرمانبەرێک نامێنێت بە کاش مووچە وەربگرێت.
پڕۆژەی "هەژماری من" لە سەرەتای ساڵی 2023 لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە راگەیەنرا، ئامانج لێی بەدیجیتاڵیکردنی مووچەی زیاتر لە یەک ملیۆن فەرمانبەر و مووچەخۆری هەرێمی کوردستانە. ئەم پڕۆژەیە بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی کابینەی نۆیەم بۆ هێنانەکایەی شەفافیەت، کەمکردنەوەی رۆتین و نەهێشتنی مامەڵەی کاش لە دامەزراوە حکوومییەکاندا.