فێستیڤاڵی پاییزی هونەر و فۆلکلۆری کوردی لە قشڵەی مەخموور بەڕێوەدەچێت
فێستیڤاڵی پاییزی "قشڵەی مەخموور"، بە ئامانجی زیندووکردنەوەی میراتی کولتووری و فۆلکلۆری کوردی و ناساندنی دەوڵەمەندییەکانی هونەر و دابونەریتی کورد، ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ی تشرینی یەکەمی 2026، لە قشڵەی مەخموور بەڕێوەدەچێت.
چوارشەممە، 14ی تشرینی یەکەمی 2026، سامان رەحمان، رێکخەری فێستیڤاڵەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەم فێستیڤاڵە پاییزییە، چەندین بڕگەی جۆراوجۆری هونەری و کولتووری لەخۆدەگرێت، دەرفەتێکە بۆ کۆبوونەوەی هونەرمەندان و ئەو کەسانەی گرنگی بە پاراستن و گەشەپێدانی کولتووری کوردی دەدەن، بۆ ئەوەی لە رێگەی هونەرەوە، دەوڵەمەندیی فۆلکلۆر و ناسنامەی کوردی زیاتر بناسێنین."
سامان رەحمان سەبارەت بە بڕگە سەرەکییەکانی فێستیڤاڵەکە گوتی، "فێستیڤاڵەکە پێکهاتووە لە چەندین بڕگەی هونەری وەکو، پێشانگەی هونەری، شانۆ، مۆسیقا، گۆرانی، شیعر، کڵاوکڵاوانێ، شایی و هەڵپەڕکێ، هەریەکەیان بەشێک لە دەوڵەمەندیی کولتووری و هونەریی کوردی دەخەنەڕوو. تایبەتمەندیی سەرەکیی ئەم فێستیڤاڵە ئەوەیە کە گۆرانی و مۆسیقا و هەموو بڕگەکانی دیکەی، پشت بە فۆلکلۆری کوردی دەبەستن و لە رێگەی ئەم بەرنامانەوە، رەنگدانەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی، دابونەریت و بەها کولتوورییەکانی کورد پیشان دەدرێت."
سەبارەت بە بەشەکانی دیکەی فێستیڤاڵەکە، سامان رەحمان دەڵێت، "لە بەشی مۆسیقا و گۆرانیدا، ئاواز و گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان شوێنێکی گرنگیان هەیە، چونکە مۆسیقا و گۆرانی لە کۆنەوە بەشێکی دانەبڕاو بوون لە ژیانی کورد و لە زۆرێک لە بۆنە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکاندا رۆڵیان بینیوە. پێشکەشکردنی ئەم جۆرە بەرهەمانە لە چوارچێوەی فێستیڤاڵەکەدا، دەرفەتێکە بۆ زیندووکردنەوەی ئاواز و شێوازی مۆسیقای رەسەنی کوردی و گواستنەوەیان بۆ جیلی نوێ."
رێکخەری فێستیڤاڵەکە جەختی کردەوە، "لە بەشی شانۆ و شیعریشدا، هونەر و ئەدەب دەبنە ئامرازێک بۆ دەربڕینی هەست و بیرکردنەوە و ئەزموونەکانی ژیانی کوردی. ئەم بڕگانە، لەگەڵ پێشانگەی هونەری، دەرفەت بۆ هونەرمەندان دەڕەخسێنن تا بە شێوازی جیاواز، توانای داهێنان و دیدگای هونەریی خۆیان پێشکەش بکەن و بەشداربووانیش لە نزیکەوە لەگەڵ جۆراوجۆریی هونەری کوردی ئاشنا ببن."
سامان رەحمان باسی لەوەش کرد، "هەروەها، بڕگەکانی کڵاوکڵاوانێ، شایی و هەڵپەڕکێ، بەشێکی دیکەی گرنگی بەرنامەکە پێکدەهێنن. ئەم بڕگانە، کە پەیوەندییەکی پتەویان بە دابونەریت و بۆنە کولتوورییەکانی کوردەوە هەیە، رۆڵێکی گرنگ لە زیندووڕاگرتنی نەریتە کۆنەکان و بەردەوامیی پەیوەندیی نەوەکان لەگەڵ میراتی باوباپیرانیاندا دەبینن."
فێستیڤاڵی پاییزی "قشڵەی مەخموور"، هەوڵ دەدات فۆلکلۆر و هونەری کوردی لە رێگەی بڕگە جۆراوجۆرەکانییەوە بخاتە بەرچاوی بەشداربووان و گرنگیی بەردەوامیی ئەم میراتە لە ژیانی ئەمڕۆ و داهاتووی کۆمەڵگەی کوردیدا بخاتەڕوو.