هێمن هەورامی کتێبی "لە بارەی سەرکردایەتییەوە"ی تۆنی بلێرەوە بڵاوکردەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، نوێترین بەرهەمی هێمن هەورامی بە ناونیشانی "لە بارەی سەرکردایەتییەوە؛ وانەکانی سەدەی بیست و یەکەم" بڵاوکرایەوە. کتێبەکە لە بنەڕەتدا لەلایەن تۆنی بلێر، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا نووسراوە و هەورامی لە زمانی ئینگلیزییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.
بەرهەمەکە لەلایەن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریانییەوە چاپ کراوە و قەبارەیەکی مامناوەندی هەیە. کتێبەکە لە 7 تەوەر، 40 بەشی جیاجیا و 320 لاپەڕە پێکهاتووە.
سەبارەت بە هۆکاری هەڵبژاردن و وەرگێڕانی ئەم کتێبە، هێمن هەورامی لە پێشەکییەکەیدا روونیکردەوە، بایەخدان بە تواناکان و تیۆرەکانی سەرکردایەتی هەمیشە جێگەی گرنگیپێدانی بووە. بیرۆکەی وەرگێڕانەکە بۆ ساڵی 2024 دەگەڕێتەوە، کاتێک هەورامی سەرقاڵی نووسینی کتێبی "حزبی سیاسی و ستراتیژیی رێکخستن" بووە و لە بەدواداگەڕانی بۆ سەرچاوەی نوێی زانستی و ئەکادیمی، کتێبەکەی تۆنی بلێری دۆزیوەتەوە.
هەورامی لە پێشەکییەکەیدا جەختیکردەوە، ئەزموونی سەرکەوتنی بلێر لە هەڵبژاردنەکانی 1997ـی بەریتانیا بەبێ هەبوونی ئەزموونی پێشتری حوکمڕانی، پاشان ئەزموونی 10 ساڵەی لە بەڕێوەبردنی وڵاتێکی زلهێز و دواتریش دامەزراندنی دامەزراوەیەکی جیهانی بە ستافێکی نزیکەی 1,000 کەسییەوە بۆ راوێژپێدان بە سەرکردەکانی جیهان، دیدگای بلێری بۆ سەرکردایەتی دەوڵەمەند و پڕبایەخ کردووە.
وەرگێڕی کتێبەکە پێیوایە چەمکی سەرکردایەتی تەنیا بۆ بوارە سیاسییەکان و دەسەڵاتدارێتی سنووردار نابێت، بەڵکو لە تەواوی بوارەکانی ژیاندا وەک قوتابخانە، زانکۆ، رێکخراوەکانی کۆمەڵگە، تیمە وەرزشییەکان، میدیا، کۆمپانیاکان، هێزە ئەمنییەکان و رێکخراوە خێرخوازییەکان ئامادەیی هەیە و پێویستی بە فێربوون و پەرەپێدانە.
ئامانجی سەرەکی هێمن هەورامی لەم وەرگێڕانە، خزمەتکردنە بە پرۆسەی دامەزراوەسازی و سەرکردەسازی لە هەرێمی کوردستان. هیوادارە ئەم بەرهەمە ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگ و وەک خولێکی بەردەوامی سەرکردایەتی لەلایەن سەرجەم چین و توێژەکانەوە سوودی لێ وەربگیرێت، بەتایبەت پاش ئەوەی لە سیمینار و کۆرسەکانیدا هەستی بە خواستی زۆری خوێنەران کردووە بۆ بوونی وەرگێڕانێکی کوردی بۆ ئەو کتێبە.