حەیدەر عەبوودی: حکوومەت پلانی هەیە بەهای دۆلار دابەزێنێت
حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق رایگەیاند، حکوومەت پلانی هەیە نرخی دۆلار لە بازاڕی ئازاد دابەزێنێت و بگەیەنێتە 1550 دینار.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، حەیدەر عەبوودی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی رایگەیاند "حکوومەت و بانکی ناوەندی بەپێی پلانێکی داڕێژراو کار دەکەن، تا لە داهاتوویەکی نزیکدا نرخی دۆلار لە بازاڕی ئازاد بگەیەننە 1550 دینار بۆ هەر دۆلارێک."
گوتەبێژی حکوومەت روونیکردەوە، ئەو رێڕەوە پشت بە یەدەگە دڵنیایی و پێویستەکان دەبەستێت کە لە بانکی ناوەندیدا هەن. ئەمە دەرفەت دەڕەخسێنێت بازرگانیی دەرەکی بە خێرایی و ئاسانی بەڕێوەبچێت و پێداویستییەکانی هاوردەکردن دابین بکرێت.
سەبارەت بە گواستنەوە داراییەکانی پێش پەسەندکردنی نرخی ئێستای دۆلار، عەبوودی جەختیکردەوە "بۆ تەواوکردنی ئەو گواستنەوانە، تەرخانکراوی دارایی پێویست بەپێی نرخی پێشوو دابین کراوە و پابەندبوونە داراییەکانی پەیوەست بەوانەوە جێبەجێ دەکرێن."
هاوکات، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ئاشکرایکرد، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا باجی گومرگی لەسەر کەلوپەلی خۆراکی و دەرمانی هاوردەکراو هەڵبگرێت.
چوارشەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، بانکی ناوەندیی عێراق بەهای فرۆشتنی یەک دۆلاری بۆ هاووڵاتیان بە 1520 دینار دیاری کرد.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە بیست و دووەمین دانیشتنی ئاسایی خۆیدا، بڕیاریدا گۆڕانکاری لە بەهای ئاڵوگۆڕی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی بکات، بڕیارەکە لەسەر بنەمای ئەو پێشنیازانە بوو کە لەلایەن وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقەوە لە میانەی کۆبوونەوەکەدا پێشکەش کرابوون.
بەپێی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، بەهای نوێی دۆلار بەم شێوەیەی خوارەوە دیاریکراوە:
یەکەم، نرخی کڕینی دۆلار لە وەزارەتی دارایی 1,500 دینارە.
دووەم، نرخی فرۆشتنی دۆلار بە بانکەکان 1,510 دینار دیاریکراوە.
سێیەم، نرخی فرۆشتنی دۆلار لەلایەن بانک و دامەزراوە داراییە نابانکییەکانەوە بۆ سوودمەندی کۆتایی 1,520 دینارە.