پارێزگای ورمێ ئەمساڵ ملیۆنێک و 400 هەزار تۆن سێو بەرهەم دێنێت

لە ناوچەی مەرگەوەر لە رۆژئاوای شاری ورمێ هەزاران کرێکار خەریکی رنینەوەی سێون لە باخەکانی ئەم ناوچەیە. پارێزگای ورمێ ئەمساڵ ملیۆنێک و 400 هەزار تۆن سێوی دەبێت کە زیاتر لە 450 هەزار تۆنی تەنیا لە سنووری شاری ورمێدا بەرهەم دێت. ئەمساڵ بە هۆی بارانی بەهاری و کەشوهەوای گونجاو، سێوی ورمێ زۆر لە ساڵی پێشوو زیاتر بووە و خەسارەشی کەم بووە.

فەرهاد خوڕەمی خاوەنی باخی سێو دەڵێت "بەرهەمی سێوی ورمێ پێشتریش لە رووی تاموچێژ، رەنگەوە ناوبانگی خۆی هەبووە، بە تایبەت بەرهەمی باخی ناوچەکانی گەلی قاسملو، گەلی بەرەنداز و مەرگەوەڕ هەمیشە بەرهەمێکی نایاب و بە ناوبانگیان هەبووە، بەرهەمی ئەمساڵ بەبۆنەی بارانی زۆر و لەبارەی کەشوهەواوە، زۆر باش و جوانە".

سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی رابردوودا تێچووی بەرهەمهێنانی سێو و حەقدەستی کرێکار و پێویستییەکانی دیکە، سێ تا چوار هێندە بەرز بووەتەوە، بەڵام نرخی سێو گۆرانێکی وای نەبووە و بە پێی راپۆرتی میدیاکانی ئێران، ئەو نرخەی بۆ سێو دانراوە لە تێچووی بەرهەمهێنانەکەی کەمترە.

سیامەند خۆشمەرام، بازرگانی سێو دەڵێت " هەموو پێداویستییەک نرخەکەی سێ هێندە زیادی کردووە، جگە لەم سێوە جوان و نایابە، ساڵی رابردوو تەنیا ئەو بەرە هەڵوەریوەی ژێر بنەدارەکان بە زیاتر لە 28 هەزار تومان دەفرۆشرا، بەڵام ئەمساڵ نرخی هەر کیلۆیەکی 16 هەزار تومەنە".

لە کاتێکدا کە سێوی ورمێ زۆر زیاترە لە پێداویستیی ناوخۆیی و حکوومەت بواری بۆ هەناردەکردنیشی نەڕەخساندووە و باخداران ناچارن بەرهەمەکەیان لە ساردخانەکاندا رابگرن بۆ ئەوەی لە وەرزی زستان و بەهاردا بە نرخێکی باشتر بیفرۆشنەوە. لە سەرانسەری پارێزگاکە 490 ساردخانە هەیە کە بە گشتی زیاتر لە ملیۆنێک و 300 هەزار تۆن سێو لەخۆ دەگرن.

سەلاح یەحیازممە، بەڕێوەبەری ساردخانەی داڵامپەڕ دەڵێت "بە بڕوای من ئەوەیە نرخێکی دادپەروەرانە دابنرێت، وەک ئەو کرێ خزمەتگوزارییەی حکوومەت بۆ کارەکانی دیاری دەکات، بۆ ئەوەی لە بڕی فرۆشتنی بەرهەمەکە رێژەیەک تایبەت بێت بە شایستەی دارایی ساردخانەکان".

پارێزگای ورمێ بە گشتی 70 هەزار هێکتار باخی سێوی هەیە. لەم رووبەرەش 21 هەزار هێکتاری لە سنووری شاری ورمێ هەڵکەوتووە. ئەم پارێزگایە بە بەرهەمهێنانی زیاتر لە 33%ی کۆی سێوی ئێران، ساڵەهایە پلەی یەکەمی بەهەمهێنانی سێوی لە ئاستی ئێراندا بە ناوی خۆیەوە تۆمار کردووە.