حووسییەکان بە کەرەستەی چینی پەرە بە مووشەکی بالیستیی ئێرانی دەدەن

 رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشکرایکرد،، حووسییەکان بە بەکارهێنانی کەرەستەی هاوردەکراو لە کۆمپانیا چینییەکانەوە، خەریکی پەرەپێدانی وەشانی نوێی مووشەکی بالیستیی خەیبەر شکێنی ئێرانن، ئەم هەنگاوەش توانای مووشەکیی ئەو گرووپە فراوانتر دەکات.

چوارشەممە 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بە پشتبەستن بە داتا و زانیارییەکانی رێکخراوی توێژینەوەی چەکدارکردنی ململانێکان کە رێکخراوێکی سەربەخۆی بەریتانییە، روونیکردەوە، ئەم پەرەپێدانی مووشەکییەی حووسییەکان مەترسی هێرش و پەلامارەکانی ئەو گرووپە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە زیاتر دەکات، هاوکات جەختیکردووەتەوە، ئەم هەنگاوە دەتوانێت مەودای مەزەندەکراوی ئەو مووشەکە بۆ نزیکەی 1,930 کیلۆمەتر بەرزبکاتەوە. 

راپۆرتەکەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانە ئامادەکراوە کە دەسەڵاتدارانی یەمەن لە تەممووزی رابردوودا لە بارەی چالاکییە سەربازییەکانی حووسییەکانەوە پێشکەش بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لایەنە پەیوەندارەکانیان کردبوو، دوای ئەوەی لە ساڵی 2025، حکوومەتی یەمەن دەستی بەسەر چەند پێگەیەکی سەربازی و کۆگای چەک و تەقەمەنی حووسییەکاندا گرت و چەندین پارچەی تایبەت بە پەرەپێدانی مووشەکی دروستکراوی چینی تێدابووە و مووشەکی ئێرانیش لەو شوێنانەدا بینراون. 

حکوومەتی یەمەن رایگەیاندبوو، لەو کەرەستانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، پارچەی کانزایی دیزاینکراو، بەشەکانی بزوێنەر و پێکهاتەی مووشەک، باڵەفڕی سەقامگیرکردن، بەشەکانی بزوێنەری کارکەر بە سووتەمەنی رەق، ئامێری تاقیکردنەوە و ماددەی خاو بۆ دروستکردنی مووشەکی بالیستی هەبوون. بەگوێرەی راپۆرتەکە، لەنێو ماددە دەستبەسەرداگیراوەکاندا ماددەیەکی دژە گەرما هەبووە کە پارچەکانی مووشەک لە پلەی گەرمیی بەرز لە کاتی هەڵداندا دەپارێزێت.

وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە لە تەممووزی رابردوودا بڵاویکردەوە، ئێران مووشەکەکانی "خەیبەر شکێن" بەکاردەهێنێت کە مەوداکەیان لانیکەم 1,400 کیلۆمەترە، بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەو مووشەکانە تایبەتمەندیی تێچووی کەم، ئاسانیی گواستنەوە و وردییان هەیە و بە سووتەمەنی رەق کاردەکەن، ئەوەش وادەکات پێویستیان بە پرۆسەی پڕکردنی سووتەمەنی نەبێت پێش هەڵدان کە لە جۆرە کۆنەکانی مووشەکی ئێرانییەکەدا پێویست بوو.

لەو بارەیەوە فابیان هینز، گەورە توێژەری رێکخراوی "توێژینەوەی چەکدارکردنی ململانێکان" گوتی: "هاوردەکردنی ئەم کەرەستانە رەنگە نیشانەی ئەوەی حووسییەکان بە کردەیی دەستیان بە دروستکردنی مووشەک کردووە، یان هەوڵ دەدەن ئەوە بکەن، بەڵام هێشتا سەرکەوتنی تەواویان بەدەست نەهێناوە". ئەو توێژەرە روونیکردەوە، شاردنەوە و بەلاڕێدابردنی بنکەکانی بەرهەمهێنانی چەک لەلایەن ئەو گرووپەوە، دیاریکردنی ئاستی پێشکەوتنی پرۆسەی بەرهەمهێنانەکەی سەخت کردووە.

بەگوێرەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، چین پابەندبوونی خۆی بە قەدەغەکردنی چەک کە نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر حووسییەکاندا سەپاندوویەتی، دووپات دەکاتەوە. هەرچەندە راپۆرتەکە رایگەیاندووە، هەندێک لەو ماددانەی حووسییەکان هاوردەیان کردووە رەنگە بەکارهێنانی مەدەنییان هەبێت، بەڵام هەندێکی دیکەیان بەتایبەت بۆ بەرهەمهێنانی مووشەک دیزاین کراون.

حووسییەکان کە کۆنترۆڵی ناوچەیەکی بەرفراوانی یەمەن دەکەن و لەلایەن ئەمریکاوە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێن کراون، لەژێر سزای قەدەغەکردنی چەکی نەتەوە یەکگرتووەکاندان و چەندین ساڵە لە جەنگدان دژی حکوومەتی یەمەن.