زانکۆلاین بۆ دەرچووانی ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەرێم کارا دەکرێت

وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان رایگەیاند: لە سبەینێوە تاوەکوو کاتژمێر 12ـی شەوی دووشەمەی داهاتوو، زانکۆلاین بۆ دەرچووانی 12ـی ئامادەیی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کارا دەکرێت.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەنراوێکدا دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ( کەرکووک، شنگال و خانەقین) ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێت: سبەی پێنجشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، تاوەکوو کاتژمێر 12ـی رۆژی دووشەممە 19ـی تشرینی یەکەمی 2026، دەتوانن لە هەمان سایتی زانکۆلاین داواکارییەکانتان بۆ وەرگرتن لە زانکۆ حکوومەییەکانی کوردستان پێشکەش بکەن.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، سەرجەم دەرچووانی خوێندنگە کوردییەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، ئەوانەی ناویان لە نووسینگەی کەرکوکی وەزارەتی خوێندنی باڵا تۆمار کردوە، لە کاتژمێر 8:30ـی سبەی پێنجشەممەوە هاوشێوەی دەرچووانی هەرێمی کوردستان، دەتوانن داواکاری لە رێگەی زانکۆلاین بۆ وەرگرتنیان لە زانکۆ حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان پێشکەش بکەن.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کرد، بۆ هەر کێشەو گرفتێک سەبارەت بە پرۆسەکە، دەرچووان دەتوانن سەردانی نوسینگەی کەرکوکی وەزارەت بکەن و ئاسانکاری و رێنوێنیان پێشکەش دەکرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ساڵانە لەگەڵ دەرچووانی 12ـی ئامادەیی هەرێمی کوردستان، دەرچووانی خوێندنگە کوردییەکانی ناوچە کوردستانییەکان دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش بەهەمان مەرج و پێوەرەکانی وەرگرتنی قوتابییانی کوردستان لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێن.

وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوەشی راگەیاندووە، ئەمساڵ دوو هەزار و 700  لە دەرچووانی 12ـی ئامادەیی ناوچە کوردستانییەکان، دەتوانن بە کۆدەکانیان بچنە ناو سیستەم و راستەوخۆ داواکاری بۆ وەرگرتن لەهەمان سایتی زانکۆلاین پێشکەش بکەن.