قالیباف: دەبێت دوژمن لەنێوان داواکارییەکانمان و شکست یەکێکیان قبووڵ بکات

 سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی لە یەک کاتدا ستراتیژیی جەنگ و دانوستان پەیڕەو دەکات، و هۆشداریشی دا ئامانجیان لە جەنگ، بێچارەکردنی دوژمن و ناچارکردنیەتی بە ملکەچبوون بۆ داواکارییە رەواکانی گەلی ئێران، بە پێچەوانەشەوە دەبێت شکستەکەی قبووڵ بکات.

چوارشەممە 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، محەمد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان، هەم دەجەنگین و هەم دانوستان دەکەین. ئەمەش بەو مانایەیە کە لە کاتی پێویستدا بە هەموو توانامانەوە رووبەڕووی دوژمن دەبینەوە و لە هەر دەرفەتێکدا ئاستی ئامادەییی سەربازیی خۆمان بەرز دەکەینەوە؛ هەر کاتێکیش لە مەیداندا سەرکەوتنی سەربازیمان تۆمار کرد، پێویستە ئەو سەرکەوتنە لە بواری سیاسیدا بچەسپێنین و بیکەینە بەڵگەیەک بۆ شکستی دوژمن، تا ئەو دەستکەوتانە مسۆگەر بکەین کە بۆ بەهێزکردنی وڵات پێویستن."

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، بەکارهێنانی هاوتەریبی ئەم دوو بژاردەیە بە واتای چوونە ناو جەنگێکی بێ کۆتایی یان دانوستانێکی هەمیشەیی نییە، بەڵکو مەبەست لێی ئەوەیە تا ئاستی بێچارەکردنی دوژمن بەردەوام بین، تا ناچار بێت مل بۆ مافەکانی گەلی ئێران بدات، ئەگەر نا هیچ بژاردەیەکی دیکەی لەبەردەمدا نامێنێت جگە لە چەشتنی شکست.

ئەم قسانەی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دوای ئەوە هات، تۆمی پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکی بۆ کەناڵی راگەیەندنەکان رایگەیاند، رژێمی ئێران چیتر ناتوانێت پارە و پێداویستی بگەیەنێتە ئەو لایەنانەی پەیوەندییان پێوەی هەیە. پیگۆت جەختی کردەوە، واشنتن لە بڕینی ئەو توانایەی ئێران سەرکەوتوو بووە.

پیگۆت لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، دەسەڵاتی ئێران نە پارەی هەیە و نە دەتوانێت بیگەیەنێتە بریکارەکانی. ئەو گوتانە دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی ئەمریکایە سەبارەت بە توانای تاران بۆ بەردەوامبوون لە پێشکەشکردنی پشتیوانیی دارایی و لۆجستی بۆ هاوپەیمانەکانی.