ناتانیاهۆ هێرشی پێشوەختە بۆ سەر ئێران رەتدەکاتەوە

 سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، پاڵپشتی لە هێرشی پێشوەختە بۆ سەر ئێران ناکات بەر لەو هەڵبژاردنەی بڕیارە 27ـی ئەم مانگە لە ئیسرائیل بەڕێوەبچێت. هاوکات هۆشداری دایە تاران و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی سەبارەت بە هەر هێرشێک بۆ سەر ئیسرائیل.

چوارشەممە 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رادیۆی سوپای ئیسرائیل، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری هێرشی پێشوەختە و ئەو تۆمەتانەی رکابەرە سیاسییەکانی دەیخەنە پاڵی کە دەیەوێت بەر لە هەڵبژاردنەکان رووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی دروستبکات، گوتی: ئەم بابەتە بۆ ئێمە گونجاو و باش نییە و ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە. 

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل روونیکردەوە: "ئەگەر ئێران مووشەکیشمان ئاراستە بکات، ئەوا تۆمەتەکە دەخەنە ئەستۆی من." لەگەڵ ئەوەشدا ناتانیاهۆ هۆشدارییەکانی پێشووی بۆ ئێران دووبارە کردەوە و جەختیکردەوە، ئیسرائیل بە توندی وەڵام دەداتەوە ئەگەر تووشی هێرش ببێت.

لەو چاوپێکەوتنەدا، ناتانیاهۆ هیچ وردەکارییەکی سەبارەت بە ئەگەری هێرشی پێشوەختە دوای هەڵبژاردنەکان یان سەبارەت بەو گفتوگۆیانە نەخستەڕوو لەم دواییانەدا لەگەڵ واشنتن لەسەر پرسی ئێران گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەوەشی خستەڕوو، ئەو گرووپە چەکدارانەی هاوپەیمانی ئێرانن، هەوڵ دەدەن بەر لە هەڵبژاردنەکان هێرش دژی ئیسرائیل بکەن، بەڵام دەبێت ئاگاداربن، کردەوەیەکی ئەو شێوەیە وەڵامێکی توند و وێرانکاری بەدوادا دێت.

ئەم قسانەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دوای ئەوە هات، پێگەی ئەکسیۆس لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریکی ، بەرپرسێکی ئیسرائیلی و سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویکردووەتەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە میانەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا نیگەرانیی قووڵی خۆی لە زانیارییە هەواڵگرییەکان دەربڕیوە ئاماژە بەوە دەکەن تاران هەنگاوی خێرای ناوە بۆ دووبارە بونیاتنانەوەی بەشە جیاوازەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی.

سەرچاوەکان رایانگەیاندووە،، ئیسرائیل بە تایبەتی نیگەرانە لەوەی ئێران کێوی قوڵنگ وەک پێگەیەکی نوێ بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بەکاربهێنێت.

لەو چوارچێوەیەدا، لە دوو هەفتەی رابردوودا ناتانیاهۆ چەندین پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ ترەمپ ئەنجام داوە و باسیان لە هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل کردووە بۆ سەر ئامانجە سەربازی و ئەتۆمییەکانی ئێران. هاوکات لە 2ـی تشرینی یەکەمدا، ئەندامانی باڵای کابینەکەی ترەمپ بۆ چەندین کاتژمێر لە کەمپ دەیڤد کۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی داهاتووی جەنگ و ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان.

بەگوێرەی سەرچاوەکان، ترەمپ سەرەتا مەیلی بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکان هەبووە و بە نەتانیاهۆی گوتووە: خۆتان ئامادە بکەن، بەڵام دواتر هەڵوێستی گۆڕاوە و دوودڵ بووە لە بڕیاردان.

بەرپرسێکی ئەمریکی لەو بارەیەوە دەڵێت: "ناتانیاهۆ دەیەوێت دووبارە بچێتەوە ناو جەنگ و چەندین جار لەگەڵ ترەمپ قسەی کردووە، بەڵام هیچ پابەندبوونێکی روون نییە، گوتنی 'خۆتان ئامادە بکەن' رەنگە بە مانای ئێستا بێت، یان دواتر، یانیش هەرگیز نەکرێت."