داشکاندنی بەرفراوان لە کرێی خوێندنی باڵا و بەراییدا کرا

وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان، بڕیاری داشکاندنی بە رێژەی 45% لە کرێی سەرجەم قۆناخەکانی خوێندنی بەرایی (پارالێل و ئێواران) و خوێندنی باڵا (دیپلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا) لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027 راگەیاند.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە فەرمانی وەزاری ژمارە (1929) کە ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، دەرچووە، بڕیاری داشکاندنی بەرفراوانی لە کرێی خوێندندا راگەیاند.

بەپێی دەقی فەرمانە وەزارییەکە، پاڵپشت بە هێڵە گشتییەکانی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە پشتبەستن بە بڕیار و ڕاسپاردەکانی ئەنجوومەنی وەزارەت تایبەت بە پرسی کرێی خوێندنی (پارالێل و ئێواران)، بڕیار درا بە: داشکاندن لە کرێی خوێندن بە رێژەی 45% بۆ سەرجەم قۆناخەکانی خوێندنی بەرایی (پارالێل و ئێواران) و خوێندنی باڵا (دیپلۆمی باڵا، ماستەر، دکتۆرا) لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی خوێندنی 2026 - 2027.

ئەم بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵا سەرجەم زانکۆ حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و ئامانج لێی رەخساندنی دەرفەتی زیاتری فێربوون و کەمکردنەوەی تێچووی داراییە لەسەر شانی قوتابییانی زانکۆ لە قۆناخە جیاوازەکانی بەکالۆریۆس، دیپلۆم، ماستەر و دکتۆرادا.