محەمەد شوکری: هەولێر بووەتە ناوەندی بەیەکگەیشتنی بازرگانان و وەبەرهێنەران
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: شاری هەولێر بووەتە ناوەندێکی سەرەکی بۆ بەیەکگەیشتنی بازرگانان و وەبەرهێنەران. هاوکات ئاشکرای کرد، بە پێی پلانی ستراتیژیی حکوومەت تاوەکو ساڵی 2035، ئامادەکاری بۆ پێشوازیکردن لە 20 ملیۆن گەشتیار دەکرێت.
چوارشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد: لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا، پێنج پێشانگەی نێودەوڵەتیی گرنگ لە شاری هەولێر کراونەتەوە، کە زیاتر لە 800 کۆمپانیای ناوخۆیی، ناوچەیی و بیانی بەشدارییان تێدا کردووە.
ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەم جموجۆڵە بازرگانییە چڕە دەریدەخات هەرێمی کوردستان بووەتە ژینگەیەکی سەقامگیر و لەبار بۆ وەبەرهێنەرانی جیهان. جەختیشی کردەوە، هەولێر بووەتە ناوەندێکی سەرەکی بۆ بەیەکگەیشتنی بازرگانان و وەبەرهێنەران.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، محەمەد شوکری پەردەی لەسەر نەخشەڕێگەی داهاتووی کەرتی گەشتوگوزار لادا و رایگەیاند: لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژیی درێژخایەنی هەرێمی کوردستان بۆ کەرتی گەشتیاری تاوەکو ساڵی 2035، کار و ئامادەکاریی تەواو دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین پێشوازی لە 20 ملیۆن گەشتیار لە سەرانسەری جیهانەوە بکەین.
سەبارەت بە میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەو ئامانجەش، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دووپاتی کردەوە، ئامادەکاری دەکرێت بۆ دەستپێکردن و خستنەگەڕی چەندین پڕۆژەی گەورە و کاریگەری وەبەرهێنانی گەشتیاری لە دەوروبەری دەریاچەکان، پۆندە دروستکراوەکان و بەنداوەکانی کوردستان، بە جۆرێک کە ئەو شوێنانە بکرێنە ناوەندی سەرنجڕاکێشی گەشتیاریی سەردەمیانە و هاوچەرخ.