لە هەولێر چوار کورتەفیلم نمایش کران

بەڕێوەبەرایەتی سینەما و شانۆی هەولێر، لەچوارچێوەی پڕۆژەی "سینەما و جەماوەر"، هەر چوار کورتەفیلمی "ئەمبوڵانس122، مایکڕۆفۆن، سپی وەک سوور، کۆڤید 69"، لە دەرهێنانی کەریمۆک غەفوور، لە ئێمپایەر سینەمای هەولێر نمایش کران.

چوارشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، شاخەوان مستەفا، بەڕێوەبەری سینەما و شانۆی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، "هەر چوار فیلمەکە لە ساڵانی جیاوازدا بەرهەم هاتوون، بەڵام خاڵی هاوبەشی نێوانیان لە شێوازی بیرکردنەوە و جیهانبینییەکەدایە، لە پشت هەڵبژاردنی بابەت و چۆنیەتی دروستکردنی چیرۆکەکانیاندا خۆی دەنوێنێت. تەنیا فیلمی "مایکڕۆفۆن" بە بەراورد لەگەڵ سێ فیلمەکەی دیکە کۆنترە، بەڵام هەموو ئەم بەرهەمانە لە چەندان فێستیڤاڵی سینەمایی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا بەشدار بوون و توانیویانە خەڵات و پێزانین بەدەستبهێنن."

شاخەوان مستەفا سەبارەت بە نمایشکردنی چوار کورتەفیلمەکە گوتی، "لە رووی بەرهەمهێنانەوە، دوو فیلمەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێرەوە بەرهەم هاتوون و دوو فیلمەکەی دیکەش بەرهەمی سینەمای سلێمانین. سەرەڕای ئەو جیاوازییە لە شوێنی بەرهەمهێنان، هەموو فیلمەکان لە رێڕەوێکی هاوبەشی هونەری و فکریدا یەکدەگرنەوە. ئەوەی پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوانیاندا دروستدەکات، تەنیا شێوازی فیلمسازی نییە، بەڵکو هەڵبژاردنی بابەت و ئەو پرسیارانەشە لە رێگەی چیرۆکەکانیانەوە دەیانخەنە بەردەم بینەر."

شاخەوان مستەفا جەختیکردەوە، "ناوەڕۆکی هەر چوار فیلمەکە بە شێوەیەکی جیاواز دەچنە ناو دوو بابەتی گرنگ و کاریگەر لە ژیانی مرۆڤ، واتە عەشق و ئایین، دوو هێزی بەهێز کە لە هەندێک بارودۆخدا دەتوانن لەگەڵ یەکتر بگونجێن و تەواوکەری یەکتر بن، بەڵام لە بارودۆخی دیکەدا لە بەرامبەر یەکتر دەوەستن و ناکۆکی و ململانێ دروست دەکەن."

بەڕێوەبەری سینەما و شانۆی هەولێر رایگەیاند،، "ماوەی هەر فیلمێک نزیکەی 40 خولەکە و بەرهەمەکان هەوڵ دەدەن ئەم پەیوەندییە ئاڵۆزە و بەرکەوتنە فکرییە بخەنە بەردەم بینەر، بەبێ ئەوەی وەڵامێکی دیاریکراو و ئامادەی بۆ دابین بکەن. لەم چوارچێوەیەدا، سینەما تەنیا ئامرازێک بۆ گێڕانەوەی چیرۆک نابێت، بەڵکو دەبێتە بوارێک بۆ پرسیارکردن، وردبوونەوە، بیرکردنەوە و گفتوگۆ. لەبەرامبەردا، بینەر تەنیا کەسێک نییە کە چیرۆکەکان تەماشا دەکات، بەڵکو بەشدار دەبێت لە پرۆسەی تێگەیشتن و لێکدانەوەی ئەو واتا و پرسیارانەی فیلمەکان دەیانخەنە روو."

بەڕێوەبەرایەتی سینەما و شانۆی هەولێر، لەچوارچێوەی پڕۆژەی "سینەما و جەماوەر"، هەموو چوارشەممەیەک بێبەرامبەر فیلمی سینەمایی لە ئێمپایەر سینەمای هەولێر نمایش دەکات.