خوێندنی ئەدەبی کلاسیکی ئینگلیزی لە ناوەندە پەروەردەییەکانی چین دەبێتە ناچاری
حکوومەتی چین لە ناوەندەکانی خوێندن، بڕیاری خوێندنی ئەدەبی کلاسیکی ئینگلیزی کردووەتە ناچاری، ئەمەشی کردووەتە ستراتیژییەک بۆ هاندانی کۆمەڵگە تا کچان و کوڕانی چینی لە هاوسەرگیری بکەن و راڕا نەبن.
ماڵپەڕی The Economist لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، بڕیارە ستراتیژییە نوێیەکەی چین بۆ جێگیرکردنی ئەدەبی کلاسیکی ئینگلیزی لە پرۆگرامی خوێندن دەستیپێکردووە، بەتایبەتی ئەو رۆمانانەی هانی خوێنەر (کچان و کوڕان) دەدەن بۆ ئەوەی هاوسەرگری بکەن، لە هەنگاوی یەکەمدا لە ئەیلوولی ئەمساڵەوە، رۆمانی جەین ئێری شارڵت بڕۆنتی کردووەتە وانەیەک لە قۆناخەکانی بنەڕەتی دەخوێندرێت.
هۆکاری ئەم بڕیارەی حکوومەتی چین دەگەڕێتەوە بۆ کەمبوونەوەی رێژەی هاوسەرگیری و بە پێچەوانەشەوە زیادبوونی حاڵەتەکانی جیابوونەوە و هەڵوەشانەوەی خێزان. بەگوێرەی ئامارەکان لە شەش مانگی یەکەمی 2026دا، هاوسەرگیری بە رێژەی 7.5%ـی کەمی کردووە و جیابوونەوەی هاوژینەکانیش بە رێژەی 3.9%ـی زیادی کردووە. ئەمەش نیگەرانی لە کۆمەڵگەی چین دروستکردووە و بڕوایانوایە ئەگەر ئەم دوو حاڵەتە بەردەوام بێت، گەشەی دانیشتووانی چین تا ساڵی 2050، نزیکەی 250 ملیۆن کەم دەبێتەوە، لە کاتێکدا کۆی دانیشتووانی چین ئێستا 1.41 ملیار کەسە و لە پلەی دووەمی جیهان دێت، بەوپێیەی هیندستان بە 1.46 ملیار کەس لە پلەی یەکەمی پڕ دانیشتووانترین وڵات دێت.
ئامانجێکی دیکەی حکوومەتی چین لە خوێندنی ئەدەبی کلاسیکی ئینگلیزی وەچە خستنەوەی زیاترە لەلایەن خێزانەکانی چین، بەگوێرەی ئامارەکان ساڵی رابردوو، بەراورد بە چەند دەیەی رابردوو کەمترین لەدایکبوونی منداڵ تۆمارکراوە.
لە بەرەیەکی دیکەی ئاراستەکردنی کۆمەڵگەدا، حکوومەتی چین لە حوزەیرانەوە، هەڵمەتێکی دوو مانگەی دەستپێکرد بۆ قەدەخەی پەخشکردنی ئەو درامایانەی بە پاساوی خراپی دۆخی داراییەوە گەنجانی وڵاتەکە لە هاوسەرگیری پەشیمان دەکەنەوە.
حکوومەتی چین، بۆ خوێندنەوەی رۆمانی جەین ئێری کردووەتە وانەیەکی مەرجدار و بە ناچاری دەبێت لە قوتابخانە بنەڕەتییەکاندا بخوێندرێت؟
لەم رۆمانەدا پیاوێکی خانەدانی بەریتانیا بەناوی ئێدوارد رۆچێستەر عاشقی کچێکی هەژاری چینی ناوەڕاست بە ناوی جەین ئێر دەبێت. جەین باوەڕی وایە خۆشەویستی پێویستە لەسەر بنەمای پێگەی کۆمەڵایەتی، دەوڵەمەندی و جوانی رووخسار نەبێت، بەڵکو لەسەر بنەمای هۆگربوونی روحی بێت. هەروەها باوەڕی وایە تەنیا لە رێگەی خۆشەویستییەکی راستەقینەوە خۆشبەختی بەدی دێت.
هەرچەندە هەندێک لە دایبابانی چین لە بڕیاری حکوومەتەکەیان ناڕازین، بەڵام جەین ئێر بەتەواوی لە مەڵبەندە ئەدەبییەکانی ئەو وڵاتە رەگی داکوتاوە. رۆمانەکە لە ساڵی 1847 بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکراوەتەوە و لە ساڵی 1917 وەرگێڕدراوە بۆ سەر زمانی ماندەرین. ئەو رۆمانە لە دوای مردنی ماو لە ساڵی 1976 یەکێک بووە لەو رۆمانە خۆراوایانەی فیلمەکەی لە سینەماکان نیشان دراوە. هەروەها شی جین پینگ، سەرۆکی چین لە 2015دا لە سەردانەکەیدا بۆ بەریتانیا باسی ئەم رۆمانەی کردووە، هەفتەی رابردووش شانۆیەکی میوزیکی رۆمانەکە لە بەیژینگ بەڕێوەچوو.