سێنتکۆم: بەلەمێکی چاودێریی ئێرانمان تێکشکاند

 فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان لە کەنداوی عومان بەلەمێکی ئێرانیان تێکشکاندووە، کە سەرقاڵی چاودێری و دیاریکردنی ئامانج بووە بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە جەنگییەکانی هێزی دەریایی ئەمەریکا.

چوارشەممە 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەپێی راگەیەندراوەکەی سێنتکۆم، رووداوەکە لە 6ـی تشرینی یەکەمدا رووی داوە، هاوکات پێش ئەوەی بەلەمەکە بە تەواوی لەناوببرێت، سەرجەم کارمەند و ئەندامانی دەستەی کەشتیوانییەکەی بە سەلامەتی لێی دوورخراونەتەوە و ئێستاشدا هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ وڵاتەکەیان بەردەوامە.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاندووە،، لە ماوەی حەوت مانگی رابردوودا، سوپای پاسدارانی ئێران بەردەوام بووە لە بە ئامانجگرتنی هەڕەمەکییانەی هەزاران کەشتیوانی مەدەنی کە بە ئاوە هەرێمییەکاندا تێپەڕیون، هاوشانی هێرشکردنە سەر کەشتییە جەنگییەکانی سەر بە هێزی دەریایی ئەمەریکا.