زێلینسکی: لە ژێر فشارەکانی ئەمریکا دەست لەکارناکێشمەوە
سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، پشتیوانیکردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە رووسیا لە چوارچێوەی جەنگی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ، کارێکی ئازاربەخشە. ئەم لێدوانە لەکاتێکدایە ترەمپ داوای گۆڕینی سەرۆکی ئۆکرانیای کردبوو.
پێنجشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە چاوپێکەوتنێکدا گوتی: "لە راستیدا ئازاربەخشە سەرۆکی ئەمریکا لایەنێک هەڵدەبژێرێت، لایەنی ئێمە نییە". هاوکات روونیکردەوە، ئەگەر ترەمپ بیەوێت نێوانگیریی نێوان ئۆکرانیا و رووسیا بکات، پێویستە هەڵوێستێکی بێلایەنانە پەیڕەو بکات، زێلینسکی گوتی: "ئەگەر لە ناوەند بیت، دەبێت لە ناوەند بمێنیتەوە".
سەبارەت بەوەی ئایا هەست بە ناپاکی دەکات، زێلینسکی گوتی: "بە دڵنیاییەوە بەڵێ. بەڵام بابەتەکە لەوە ئاڵۆزترە کە تەنیا پەیوەندی بە هەست و سۆزی منەوە هەبێت". ئەو سەرۆکەی ئۆکرانیا پێشتر لەلایەن ترەمپەوە داوای لێکرابوو دەست لەکاربکێشێتەوە، لەکاتێکدا واشنتن بڕیاری هەڵگرتنی سزاکانی لەسەر هەناردەی دیزلی رووسی دابوو.
زێلینسکی جەختیکردەوە، لەژێر فشاری ئەمریکا دەست لەکارناکێشێتەوە و گوتی: "جێگەی نیگەرانییە کە ئێمە هاوبەشێکی بەهێز لەدەست دەدەین". زێلینسکی گوتی: "ئێمە وڵاتەکەمان نافرۆشین. بۆ ئێمە ئەمە بابەتێکی بازرگانی نییە، بەڵکو بابەتێکی تایبەت بە ژیان و نیشتمانەکەیە".
دۆناڵد ترەمپ، یەکشەممەی رابردوو لە پۆستێکدا لە سۆشیاڵ میدیا رایگەیاندبوو، رووسیا و ئۆکرانیا لەسەر رێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی وزە رێککەوتوون، بەڵام هیچ کام لە لایەنەکان ئەو زانیارییەیان پشتڕاست نەکردەوە.
هەینیی رابردوو، زێلینسکی بڕیارەکەی ترەمپی بۆ رێگەدان بە هاوردەکردنی دیزلی رووسی بەمەبەستی دابەزاندنی نرخەکان، بە بڕیارێکی لاواز وەسف کرد. شەممە، ترەمپ لە وەڵامدا جەختیکردەوە، ئۆکرانیا پێویستی بە سەرۆکێکی نوێ هەیە. لە بەرامبەردا، زێلینسکی دووپاتیکردەوە، تەنیا هاووڵاتییانی ئۆکرانیا مافی هەڵبژاردنی سەرۆکی وڵاتەکەیان هەیە.