فەرەنسا نزیکەی 8 هەزار قوتابی بەهۆی خۆپیشاندانەکان دەستگیردەکات
لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی قوتابیانی ئامادەیی لە فەرەنسا، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە نزیکەی 8000 کەسیان دەستگیرکردووە. بەپێی ئەو زانیارییانەی کەناڵی بی ئێف ئێم تی ڤی بڵاویکردووەتەوە، 26 کەسیان بە بڕیاری دادگا بەندکراون و چاوەڕێی دادگاییکردن دەکەن.
پێنجشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی دادی فەرەنسا رایگەیاندووە، لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی رابردوو تا کاتژمێر 5ـی ئێوارەی سێشەممە، 13ـی ئۆکتۆبەر، 7950 حاڵەتی دەستگیرکردن تۆمارکراوە. بەپێی ئامارەکان، 85%ـی دەستگیرکراوەکان، کە دەکاتە 6773 کەس، تەمەنیان لە خوار 18 ساڵییەوە بووە و 1,177 کەسیشیان پێگەیشتوو بوون.
بەپێی داتاکانی وەزارەتەکە، رێوشوێنی تاوانکاری بەرامبەر 2,735 کەس دەستپێکراوە. هاوکات رێکاری بەدیل بۆ لێپێچینەوەی یاسایی بەرامبەر 2,225 کەسی دیکە جێبەجێکراوە، کە بریتین لە ئاگادارکردنەوەی مەرجدار، پابەندکردن بە قەرەبووکردنەوەی زیانەکان و قەدەغەکردنی سەردانکردنی شوێنی دیاریکراو.
لەلایەکی دیکەوە 1,263 دۆسیە بەبێ رەوانەکردن بۆ دادگاکان داخراون. کەناڵی بی ئێف ئێم تی ڤی بڵاویکردەوە، پێگەیشتووەکان 65%ـی ئەو 26 کەسە پێکدەهێنن کە بەندکراون. ژمارەی دەستگیرکراوانی ئەم خۆپیشاندانانە دوو هێندەی ئەو کەسانەیە کە لە یەکەم مانگی خۆپیشاندانەکانی "سەراپۆش زەردەکان" لە ساڵی 2018 دەستگیرکرابوون، کە لەو کاتەدا ژمارەیان نزیکەی 4,000 کەس بوو.
چەند هەفتەیەکە خۆپیشاندانەکانی قوتابیان لە فەرەنسا بەردەوامە. قوتابیان داوای چارەسەرکردنی قەرەباڵخیی پۆلەکان، کەمیی ژمارەی مامۆستایان و ئەو ئاڵنگارییە پێکهاتەییانە دەکەن کە رووبەڕووی کەرتی پەروەردە بوونەتەوە.