کوەیت خۆی لە گەرووی هورمز رزگار دەکات

کۆمپانیای نەوتی کوەیت لێکۆڵینەوە لە دوو پڕۆژەی هێڵی بۆری دەکات کە بە خاکی سعوودیە و ئیماراتدا تێدەپەڕن. ئەم هەنگاوە بە مەبەستی دۆزینەوەی رێگەی جێگرەوە بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو و دوورکەوتنەوە لە گەرووی هورمزە.

محەمەد عەبدولجەلیل، جێگری سەرۆکی جێبەجێکار بۆ پلاندانان و داهێنان لە کۆمپانیای نەوتی کوەیت، لە پەراوێزی کۆنفرانسی وزەی جیهانی لە ریاز رایگەیاند، دەزگاکە لەگەڵ هاوبەشەکانی لە هەردوو وڵات رێککەوتوون لەسەر لێکۆڵینەوەکردن بۆ هەردوو پڕۆژەکە، روونیشیکردەوە، هەردوو هێڵەکە لە ناوچەی ئەحمەدییەوە دەستپێدەکەن، یەکەمیان بە خاکی سعوودیەدا تێدەپەڕێت و دەگاتە دەریای سوور، دووەمیان درێژ دەبێتەوە بۆ بەندەری فوجەیرە لە ئیمارات لەسەر دەریای عومان.

رێڕەوی سعوودیە پشت بە هێڵی "رۆژهەڵات-رۆژئاوا" دەبەستێت کە کێڵگەکانی ناوچەی رۆژهەڵات بە کەناراوەکانی رۆژئاوای سعوودیە دەبەستێتەوە و توانای گواستنەوەی نزیکەی 7%ـی نەوتی لە رۆژێکدا هەیە، رێڕەوی ئیماراتیش لەسەر گواستنەوەی نەوتی خاو لە ئەحمەدییەوە بۆ ئەبووزەبی دادەمەزرێت و پاشان لە رێگەی هێڵی "حەبشان-فوجەیرە" دەگوازرێتەوە، توانای ئەو هێڵە لە نێوان 1.5 بۆ 1.8 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدایە، لەگەڵ ئەگەری گواستنەوەی بۆ وێستگەی دوورتر وەک بەندەری دەقم لە عومان.

محەمەد عەبدولجەلیل جەختیکردەوە، هەردوو پڕۆژەکە هێشتا لە قۆناخی سەرەتاییدان و لێکۆڵینەوەکان بە مانای بڕیاری کۆتایی بۆ جێبەجێکردن نین.

ئەو بەرپرسە گوتیشی "تەواوکردنی هەر کام لەو دوو پڕۆژەیە، ئەگەر بڕیاری لەسەر بدرێت، پێویستی بە چوار بۆ پێنج ساڵ دەبێت." ئەمەش وادەکات ئەم پرۆژەیە ببێتە ستراتیژێکی بەهێز لە هەناردەکردنی نەوت کوەیت.

ئەم لێکۆڵینەوانە لە چوارچێوەی ئەو گفتوگۆیانەدایە کە کوەیت لەگەڵ ریاز و ئەبووزەبی دەیانکات، بە مەبەستی سوودوەرگرتن لە تۆڕی بۆرییەکانیان بۆ هەناردەکردنی نەوتی وڵاتەکە.