هەر بریکارێک کەمتر لە 100 خێزانی لابێت مۆڵەتەکەی هەڵدەوەشێتەوە
بەگوێرەی بڕیاری وەزارەتی بازرگانیی عێراق، مۆڵەتی ئەو بریکارانەی ئارد و خۆراک لە هەرێمی کوردستان هەڵدەوەشێندرێتەوە کە کەمتر لە 100 خێزانیان لەلا تۆمار کراوە.
حوسێن سەبری، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی دهۆک و هەماهەنگیکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا، بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و بەڕێوەبەرایەتیی پلاندانان و چاودێری، لە عێراق هەر بریکارێکی خۆراک کەمتر لە 300 خێزانی لەلا بێت، مۆڵەتەکەی لێ وەردەگیرێتەوە.
حوسێن سەبری ئاشکرایکرد، بە رەچاوکردنی تایبەتمەندی و ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، بڕیاردراوە هەر بریکارێک کەمتر لە 100 خێزانی لەلا بێت، مۆڵەتەکەی هەڵبوەشێنرێتەوە و خێزانەکانی سەر بەو بریکارە بگوازرێنەوە سەر بریکارێکی دیکە.
سەبارەت بە هۆکارەکانی ئەم بڕیارە، حوسێن سەبری روونیکردەوە، تێچووی گواستنەوە و کرێی بارهەڵگر و خەرجییەکانی دیکەی گەیاندنی خۆراک لەسەر حکوومەت دەکەون، گوتێشی: هەندێک لە بریکارەکان کارەکانیان بە کەسانی دیکە سپاردووە و گەندەڵی لەم دۆسیەیەدا هەیە.
بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی دهۆک نموونەی هێنایەوە و گوتی: بریکاری ئارد و خۆراک هەیە لە گوندەکان تەنیا 15 خێزانی لەلایە، ناکرێت بارهەڵگرێک تەنیا لەبەر ئەو بریکارە بچێتە گوندەکە و بەشەخۆراکی مانگانە بگوازێتەوە.
باسی لەوەشکرد، تەنیا لە دهۆک 30 بریکاری ئارد و خۆراک هەن کە کەمتر لە 100 خێزانیان لەلا ماوە، ئەو بەرپرسە جەختیکردەوە، دوایین مۆڵەتیان پێدراوە و دوای وادەی دیاریکراو مۆڵەتەکانیان بەتەواوی هەڵدەوەشێندرێتەوە.
بەپێی ئامارەکان، لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان زیاتر لە 6 هەزار بریکاری خۆراک هەن، لەو ژمارەیەش 3,242 بریکار لە سلێمانی، 2,100 بریکار لە هەولێر و زیاتر لە 1,000 بریکاریش لە دهۆک کار دەکەن.