کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنەری نەوت شایستە داراییەکانی لە عێراق وەردەگرێتەوە

کۆمپانیای گؤڵف کیستۆن پێترۆلیۆمی بەریتانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، رایگەیاند، ئاگادار کراونەتەوە لە بارکردنی یەکەم بارهەڵگری نەوت، کە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بەمەبەستی ساخکردنەوە و هاوسەنگکردنی فرۆشتنی نەوتی هەناردەکراوی چارەکی چوارەمی 2025 بەپێی نرخەکانی جیهان دیاری کردبوو.

ئەم کۆمپانیایە لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا روونیکردەوە، هەنگاوەکە دەستپێکێکە بۆ دانەوە و وەرگرتنی شایستە داراییە کەڵەکەبووەکانیان، جەختیشی کردەوە، ئەم کارە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی داهاتی نەختینەیی و باشترکردنی سەرمایەی کار و سەقامگیریی چوارچێوەی دارایی و گرێبەستەکان.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، پرۆسەکە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی کۆمپانیاکە بە هەماهەنگی لەگەڵ فیدراڵ و هەرێمی کوردستان دێت، ئامانج لەم هەماهەنگییە، رێکخستنی میکانیزمی هەناردەکردن و بەردەوامبوون لە پلانی پەرەپێدانی کێڵگەی شێخانە.

کۆمپانیای گؤڵف کیستۆن پێترۆلیۆمی بەریتانی بەرهەمهێنەری کێڵگەی نەوتی شێخانە لە هەرێمی کوردستان. کۆمپانیاکە کۆتایی ئابی رابردوو راپۆرتە دارایی و کارگێڕییەکانی نیوەی یەکەمی 2026ـی بڵاوکردەوە و دووپاتی کردەوە، دوای راگرتنی کاتی لە تەممووزی رابردوو، دەستیان بە کارەکانیان کردووەتەوە و بڕی 10 ملیۆن دۆلار قازانجیان بەسەر پشکدارەکاندا دابەش کردووە.