هاوپەیمانیی عەرەبی: حووسییەکان 20 جار هێرشیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی ریاز
هاوپەیمانیی پشتیوانی شەرعییەت لە یەمەن ئاماری هێرشەکانی گرووپی حوسییەکانی بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالد لە ریازی پایتەخت ئاشکرایکرد و رایگەیاند، بەهۆی ئەو پەلامارانەوە دەیان هاووڵاتی بوونەتە قوربانی، هاوکات تێکشکاندنی زیاتر لە 120 پێگە و کۆگای چەکی ئەو گرووپەشی راگەیاند.
پێنجشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، تورکی مالیکی، گوتەبێژی فەرمیی هێزەکانی هاوپەیمانیی پشتیوانی شەرعییەت لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمەوە، حووسییەکان 20 جار پەلاماری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالیدیان داوە. رایگەیاند، ئەم هێرشانە تاوانی جەنگی تەواون و تەنیا لە نێوان 7 بۆ 11ـی تشرینی یەکەمدا لەو فڕۆکەخانەیە 17 کەس گیانیان لەدەست داوە و 333 کەسی دیکەش بریندار بوون.
گوتەبێژی هاوپەیمانان روونیکردەوە، هێرشەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەی ریاز لە رێگەی 10 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، مووشەک و چەندان کەرەستەی تەقینەوەوە دراون. رایگەیاند، بە گشتی لە ئەنجامی سەرجەم هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر فڕۆکەخانە مەدەنییەکانی سعوودیە، 19 کەس گیانیان لەدەست داوە و 364 کەسی دیکەش بریندار بوون، هاوکات حووسییەکان هەوڵی بە ئامانجگرتنی دەیان فڕۆکەخانە، بەندەر و کێڵگەی نەوتییان داوە لە ناوخۆی وڵاتدا.
سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی هاوپەیمانانیش، تورکی مالیکی رایگەیاند، لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەکانیاندا توانیویانە 127 کۆگای چەک و تەقەمەنیی حووسییەکان لە ناوچە شاخاوییەکان و چەندین سەکۆی هەڵدانی مووشەک لەناوببەن. هەروەها چەندین کۆگای مووشەکی بالیستی لە چیاکانی سەنعا، چەندین وێستگە و کۆگای سووتەمەنی و چەندین لەنگەرگەی دەریایی کە بۆ پاڵپشتیی سەربازی بەکاردەهێنران، بە ئامانج گیراون.
لە کۆتاییدا، هاوپەیمانیی عەرەبی داوای لە حووسییەکان کرد دەستبەجێ هێرشەکانیان دژ بە هاووڵاتییانی مەدەنی و ژێرخانی مەدەنی رابگرن و هۆشداریشی دا، بۆردومانکردنی فڕۆکەخانە مەدەنییەکان مەترسییەکی راستەوخۆیە بۆ سەر سەلامەتیی هێڵەکانی گواستنەوەی ئاسمانیی نێودەوڵەتی و ژیانی گەشتیارانی بیانی، ئەمەش بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەخاتە ئەستۆی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هەڕەشانە.