رووسیا ئاگربەستی کاتی لەگەڵ ئۆکرانیا رەتدەکاتەوە
وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، مۆسکۆ هیچ ئاگربەستێکی قبووڵ نییە کە ئامانج لێی دەرفەتپێدان بە کیێڤ بێت بۆ خۆڕێکخستنەوە و بەدەستهێنانی چەکی زیاتر. هاوکات لاڤرۆڤ روونیکردەوە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای کردووە.
پێنجشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوای بەشداریکردنی لە لووتکەی کۆنفرانسی هاریکاری و رێوشوێنەکانی متمانەسازی لە ئاسیا (سیکا) لە باکو بەڕێوەچوو، هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرامبەر بە پێشهاتەکانی ئۆکرانیا خستەڕوو. لاڤرۆڤ میدیاکانی رۆژئاوای تۆمەتبارکرد بەوەی پشت بە زانیاری دزەپێکراو و پروپاگەندە دەبەستن و هەواڵی ناڕاست بڵاودەکەنەوە.
وەزیری دەرەوەی رووسیا جەختیکردەوە، مۆسکۆ هیچ پێشنیارێکی فەرمیی لەبارەی ئەو بابەتەی بە پلانی ئاشتی رۆژئاوا بانگەشەی بۆ دەکرێت، وەرنەگرتووە.
سێرگی لاڤرۆڤ ئاشکرایکرد، زێلێنسکی چەند جارێک بە ئاشکرا گرێبەستی دیزلی رەتکردووەتەوە. بە گوتەی لاڤرۆڤ، سەرۆکی ئۆکرانیا پێی باشترە مووشەکی سیستەمی پاتریۆت وەربگرێت بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە ئامانجکردنی کەرتی وزەی رووسیا لەوانەش پاڵاوگەکانی نەوت.
سێرگی لاڤرۆڤ گوتی: "سەرۆکی ئۆکرانیا کە شەرعییەتی لەدەستداوە، پێشتر روونیکردبووەوە بایەخ بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە وڵاتەکەیدا نادات."
سەبارەت بە ئەگەری راگرتنی شەڕ، لاڤرۆڤ بە توندی رایگەیاند: "هیچ ئاگربەستێک نابێت بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر خۆیان و چەکی زیاتریان بۆ دابین بکرێت."
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، لاڤرۆڤ باسی لە راگەیەندراوی کۆتایی لووتکەی سیکا کرد. لاڤرۆڤ روونیکردەوە راگەیەندراوەکە بە شێوەیەکی روون سەرکۆنەی سزای تاکلایەنەی نایاسایی دەکات.
وەزیری دەرەوەی رووسیا ئەو هەڵوێستەی بەسەر چەتەیی دەریایی دا سەپاند، کە ئاماژەیە بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکان لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە.
لاڤرۆڤ ستایشی میکانیزمی سیکای کرد و بەوە وەسفیکرد کە پابەندە بە بنەماکانی میپاقی نەتەوە یەکگرتووەکان و هاریکاریی ئابووریی فرەلایەنە. بە گوتەی لاڤرۆڤ، ئەمە بە پێچەوانەی ئەو بەرهەمە سیاسییە ساختانەیە کە رۆژئاوا بەکاریان دەهێنێت.
لەبارەی پەیوەندییە هەرێمییەکانەوە، لاڤرۆڤ رایگەیاند، مۆسکۆ تا ئێستا هیچ داواکارییەکی فەرمیی لە ئەرمینیا و ئازەربایجانەوە بەدەستنەگەیشتووە بۆ بەشداریکردن لەو پڕۆژەیەی بانگەشەی رێڕەوی ترەمپی بۆ دەکرێت. وەزیری دەرەوەی رووسیا جەختیکردەوە، هەردوولا ئاگادارن مۆسکۆ ئامادەیە لەو چوارچێوەیەدا هاوکاری بکات ئەگەر پێویست بکات.