عەباس جبووری: دروستکردنی وەزارەتی نوێ لە کابینەکەی عەلی زەیدی بەفیڕۆدانی سامانە
لێکۆڵەر و شیکاری سیاسیی عێراقی، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، تەواوکردنی کابینەی حکوومەتەکەی عەلی زەیدی پێویستییەکی بەپەلەیە بۆ دەربازبوون لە ئاڵۆزییەکان، هاوکات رەخنەی لە زیادکردنی وەزارەتەکان و دیاریکردنی چوار جێگر بۆ سەرۆکوەزیران گرت.
پێنجشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەباس جبووری، لێکۆڵەر و شیکاریی سیاسی عێراقی، تایبەت بە کوردستان24 گوتی، گەلی عێراق چاوەڕوانی تەواوبوونی کابینەی نوێیە تاوەکو حکوومەت بە پەسندکردنی پەرلەمان کارەکانی بە رێکی بەڕێوەبچن، بەڵام "دروستکردنی وەزارەتی نوێ دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی زیاتری تواناکانی دەوڵەت و خستنەسەری بارگرانیی دارایی بۆ سەر شانی هاووڵاتییان و دەسەڵات." هاوکات هەڵبژاردنی چوار جێگری بۆ سەرۆکوەزیران بە هەنگاوێکی بێ بنەمای یاسایی و کارێکی زیادە ناوبرد.
عەباس جبووری روونیکردەوە، وڵات لە دۆخێکی ئابووریی سەختدایە، هەربۆیە پڕکردنەوەی تەواوی پۆستەکان گرنگە بۆ رێگریکردن لە زیانی زیاتری ئابووری و سیاسی، هاوشانی بەردەوامبوونی هەوڵەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی. لەو بارەیەوە گوتیشی: "راستە رێککەوتنی سیاسی هەیە بۆ رازییکردنی لایەنەکان، بەڵام دروست نییە لەسەر هەژماری گەل پۆست و وەزارەت زیاد بکرێن، مەگەر تەنیا لە پێناوی خزمەتکردنی راستەقینەی هاووڵاتییاندا بێت."
لە کۆتاییدا، جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر حکوومەتی نوێ بە دیدگایەکی روون و گشتگیرەوە کار بۆ چاکسازی و گەشەپێدانی کەرتە جیاوازەکان بکات، دەتوانێت وڵات لە قەیرانی دارایی رزگاربکات و داهاتوویەکی گەش بۆ نەوەکانی داهاتوو مسۆگەر بکات.