بانکی ناوەندیی عێراق دوو هەزار دۆلار بە گەشتیاران دەدات
بانکی ناوەندیی رایگەیاند، گەشتیاران دوو مانگ جارێک دوو هەزار دۆلاریان پێدەدرێت و ئەم سوومەند بوونەش تا شەش جار لە ساڵێکدا دووبارە دەبێتەوە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق (واع) ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، بڵاویکردەوە، لەمەودوا بانکی ناوەندیی عێراق بۆ ئەو هاووڵاتییانەی گەشتی دەرەوەی وڵات دەکەن، بڕی 2000 دۆلاریان بە نرخی حکوومی پێدەدرێت، کە هەر 100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە 152,000 دیناری عێراقی هەژمار دەکرێت، واتە هەمان ئەو بەهایەی بانکی ناوەندی دیاری کردووە.
بڕیارەکە لە یەکشەممە 18ـی ئەم مانگەوە جێبەجێ دەکرێت، ئەمەش وەک هەنگاوێکە بۆ رێکخستنەوەی پرۆسەی پێدانی دراوی بیانی و دڵنیابوونەوە لەوەی دۆلار دەگاتە دەستی کەسانی شایستە بەگوێرەی رێنماییەکان.
هەر بەگوێرەی بڕیارەکە، هەر گەشتیارێکی عێراق لە مانگێکدا دوو جار مافی سوودمەندبوونی لەم بڕیارە هەیە، بۆ ئەوەی دوو هەزار دۆلاری ئەمریکی بە نرخی بانکی ناوەندیی وەربگرێت، لە ساڵێکیشدا شەش جار دەتوانێت ئەم بڕە لە رێگەی بانکەوە وەربگرێت.
چوارشەممە، 7ـی ئەم مانگە، بانکی ناوەندیی عێراق بەهای فرۆشتنی یەک دۆلاری لە 1320 دینارە بۆ 1520 دینار بەرزکردەوە. دوای ئەوەی لە 22ـەمین دانیشتنی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەسەردرا، پێشنیازی بەرزکردنەوەی بەهای دۆلاری ئەمریکی و دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی لەسەر پێشنیازانی وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بوو، بە مەبەستی چارەسەرکردنی پرسی کورتهێنانی دارایی بوو لە بودجەی گشتی ساڵی 2027.
بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ دیاریکردنی بەهای نوێی دۆلار بەم شێوەیە بوو:
نرخی کڕینی یەک دۆلاری ئەمریکی لە وەزارەتی دارایی 1,500 دینارە.
نرخی فرۆشتنی یەک دۆلار بە بانکەکان 1,510 دینارە.
نرخی فرۆشتنی یەک دۆلار لەلایەن بانک و دامەزراوە داراییە نابانکییەکانەوە بۆ سوودمەندی کۆتایی 1,520 دینارە.
هەر هەمان رۆژ، حەیدەر غازی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بانکی ناوەندیی عێراق روونیکردەوە، عێراق بە دۆخێکی نائاسایی و هەستیاردا تێدەپەڕێت، بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز و پاشەکشەی هەناردەکردنی نەوت کە بووەتە هۆی دابەزینی بەرچاوی داهاتەکان. رایگەیاند، پێشتر حکوومەت پشتی بە قەرزی بانکی ناوەندی دەبەست، ئەمەش مەترسیی کەڵەکەبوونی قەرزەکانی لێ دەکەوتەوە، بۆیە پێویست بوو بارودۆخی دارایی بە رژدی تاوتوێ بکرێت.