فراکسیۆنی سۆیانا: متمانەی سیاسی لای کریستیانەکان نەماوە
سەرۆکی فراکسیۆنی سۆیانا لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی کوردستان24 رایگەیاند، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران لەژێر گوشاری سیاسیی هەندێک لایەندا لە بەڵێنەکانی بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان لە کابینەی نوێدا پاشگەز بووەتەوە، بەتایبەت لە پرسی پێدانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەراندا.
پێنجشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، کلدۆ رەمزی، سەرۆکی فراکسیۆنی سۆیانا لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی گوت، چەند هێزێکی سیاسی لە رێگەی دروستکردنی فشارەوە وایان لە سەرۆکوەزیران کردووە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بە پێکهاتەکەیان نەدات، گوتیشی: "کوتلەی بابلیۆن فشارێکی زۆری کردووە تاوەکو ئەو وەزارەتەی پێبدرێت، سەرەڕای ئەوەی تەنیا خاوەنی دوو کورسیی پەرلەمانییە و پێشتریش پۆستی بڕیاردەری پەرلەمانیشی وەرگرتووە." هاوکات جەختی لەوە کردەوە فراکسیۆنی سۆیانا خاوەنی زۆرینەی کورسیی مەسیحییەکانە لە پەرلەمانی عێراق، هەربۆیە بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن و رێککەوتنی سیاسیی پێشوەختە، ئەو وەزارەتە مافێکی رەوای ئەوانە.
سەرۆکی فراکسیۆنی سۆیانا دووپاتیکردەوە، لە پێناو هیچ پلە و پۆستێکدا لەسەر بیروباوەڕ و دیدگای خۆیان سازش ناکەن، هۆشداریشی دا: "پێویستە حکوومەتی نوێ متمانە بۆ پێکهاتەکان و بەتایبەت مەسیحییەکان بگەڕێنێتەوە تا بتوانن بە ئازادی و سەربەرزی بژین، بە پێچەوانەوە، کاتێک دەسەڵات بەڵێنەکانی جێبەجێ ناکات، جارێکی تر ناتوانێت داوا لە هاووڵاتییانی مەسیحی بکات بگەڕێنەوە بۆ شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق."
لە کۆتاییدا، کلدۆ رەمزی داوای لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کرد ئەگەر راستگۆن لە چەسپاندنی دادپەروەری و پاراستنی مافی کەمینەکان، پێویستە پاڵپشتی لە مافە شایستەکانی مەسیحییەکان بکەن لە حکوومەتی نوێدا.