بەقایی: بەریتانیا رۆڵی تێکدەر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگێرێت
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە توندی وەڵامی لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی بەریتانیای دایەوە و رایگەیاند، لەندەن ناتوانێت رۆڵی تێکدەرانەی خۆی لە دروستکردنی پشێوی لە ناوچەکەدا بشارێتەوە.
پێنجشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر قسەکانی ئێد میلیباند، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند: "ئەو ئاڵۆزی و پشێوییەی ناوچەکەمان گرتووەتەوە، ئەنجامی راستەوخۆی دەستتێوەردانە نایاساییەکانە، بەتایبەت ئەو دەستتێوەردانانەی بەریتانیا پشتیوانیی لێ کردوون یان بە شێوەیەکی کردەیی بەشداربووە تێیاندا."
هاوکات گوتیشی، بەکارهێنانی دەستەواژەی "دەستدرێژیکار" بۆ ئێران لە کاتێکدایە کە تاران تەنیا لە ماوەی نۆ مانگدا دوو جار و لە کاتی بەڕێوەچوونی گفتوگۆ دیپلۆماسییەکاندا رووبەڕووی دەستدرێژیی سەربازی بووەتەوە، ئەمەش بە شێواندنی ئاشکرای راستییەکان و گۆڕینی جێگەی قوربانی و دەستدرێژیکار دادەنرێت کە وەک وێستگەیەکی دیکەی دژایەتیی لەندەن دژ بە گەلی ئێران تۆمار دەکرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆتاییدا بەراوردی هەڵوێستەکەی لەندەنی کرد و گوتی: "ئەم لێدوانەی بەریتانیا هاوشێوەی ئەوە وایە ئەڵمانیای نازی بە پارێزەری ئاشتی بناسێنرێت و لە بەرامبەردا بەریتانیا و هاوپەیمانەکانی لە جەنگی دووەمی جیهانیدا وەک دەستدرێژیکار پێناسە بکرێن."