ئانۆ جەوهەر بۆ زەیدی: رێگە مەدەن مافی مەسیحییەکان بکرێتە قوربانیی چەک و سازشی سیاسی
وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا کە ئاراستەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد، هۆشداریی دا لە پەراوێزخستنی ئیرادەی راستەقینەی پێکهاتەی مەسیحی لە پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتدا و جەختیکردەوە، نابێت نوێنەرایەتیکردنی ئەم پێکهاتەیە وەک دەستکەوتی سیاسی بەسەر میلیشیا و لایەنە دۆڕاوەکاندا دابەش بکرێت.
پێنجشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە دەقی پەیامەکەیدا رەخنەی توندی لە هەژموونی گرووپە چەکدارەکان گرت و رووبەڕووی سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: "ئایا لە سەردەمی دەسەڵاتی ئێوەدا باڵادەستیی چەک بەسەر شکۆی دەوڵەتدا سەردەکەوێت؟ ئایا سەرکردەی گرووپە چەکدارەکان و نووسینگە ئابوورییەکان بەهێزتر بوون لە دامەزراوەکانی دەوڵەت، سەرۆکایەتیی حکوومەت، پەرلەمان و ئیرادەی دەنگدەران لە سندووقەکانی دەنگداندا؟" هەروەها رایگەیاند، نابێت ئیرادە و دەنگی ئازادی مەسیحییەکان چیتر وەک بارمتەیەک بۆ سازش و بازرگانیی سیاسی بمێنێتەوە.
وەزیری گواستنەوە و گەیاندن تیشکی خستە سەر هەوڵەکان بۆ پێدانی پۆستی وەزاری بە لایەنی نەشیاو و رایگەیاند: "ئایا رەوایە پۆستی وەزاری بە کەسێک ببەخشرێت کە هاوسەرەکەی لە هەمان حکوومەتدا پلەی وەزیری هەبێت، یان بە زۆرەملێ پۆستەکە بە لایەنێک بدرێت کە متمانەی دەنگدەرانی لە گۆڕەپانی هەڵبژاردندا لەدەستدابێت؟ ئایا ئەمەیە دادپەروەری و رێزگرتن لە ئیرادەی گەل؟" دووپاتیشی کردەوە مافەکانی مەسیحییەکان بەخشش و چاکەی هیچ لایەنێک نییە، بەڵکوو مافێکی بنەڕەتییە و ناکرێت بەپێی هاوکێشەی هێز و هەژموون تاڵان بکرێت.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ئانۆ جەوهەر داوای لە عەلی زەیدی کرد هەڵەکانی رابردوو دووبارە نەکاتەوە و رێگە نەدات دەسەڵاتی چەک و پارەی گەندەڵ بەسەر سندووقەکانی دەنگدان، دیموکراسی و پێکەوەژیاندا سەربکەون، چونکە ئەو دەوڵەتەی مافی سەرجەم رۆڵەکانی نەپارێزێت ناتوانێت شکۆی خۆی دەستەبەر بکات و رێزگرتن لە ئیرادەی مەسیحییەکان پێوەری سەرەکیی دیموکراسییە لە عێراقدا. پەیامەکەشی بە گوتەیەک کۆتایی پێهێناوە و دەڵێت: "مرۆڤەکان دوو دەستەن، یان براتن لە ئاییندا، یان هاوشێوەتن لە دروستبووندا."