فایەق زێدان داوای هەموارکردنەوەی دەستووری عێراق دەکات

 سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، لە ساڵیادی راپرسیی دەستووردا رایگەیاند، رێزگرتن لە دەستوور پێویستی بە نوێکردنەوە و چارەسەرکردنی کێشەکان هەیە دوای تێپەڕبوونی دوو دەیە بەسەر نووسینەوەیدا، هاوکات داوای لە پەرلەمان کرد هەنگاوی کردەیی بۆ هەموارکردنەوەی ئەو بڕگانە بنێت کە بوونەتە هۆی پەکخستنی مافە دەستوورییەکان.

 پێنجشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە راگەیەندراوێکدا بە بۆنەی 21ـەم ساڵیادی راپرسی بۆ دەستووری هەمیشەیی عێراق رایگەیاند، قوربانیدانی گەلی عێراقی رێگەیان بۆ پەسەندکردنی ئەم دەستوورە خۆش کرد، بۆیە دەبێت رێز لەو قوربانیدانەی گەلەکەمان بگرین. هاوکات سوپاس و پێزانینی ئاراستەی مەرجەعیەتی باڵای ئایینی، هاووڵاتییان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بۆ پاڵپشتیکردنی دەستوور لەو قۆناخە هەستیارەدا.

فایەق زێدان لە درێژەی پەیامەکەیدا روونیکردەوە: "رێزگرتن لە دەستوور و پابەندبوون پێوەی پێویستی بە چارەسەرکردنی کێشەکان و نوێکردنەوەی هەندێک لە دەقەکانی هەیە، ئەوەش دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو دەیە بەسەر نووسینەوەیدا لە دۆخێکی راگوزەری هەستیاردا، چونکە ئەزموونی حوکمڕانی دەریخستووە لە جێبەجێکردن و لێکدانەوەدا کێشەی بنەڕەتی هەبووە و بووەتە هۆی پەکخستنی مافە دەستوورییەکان، دیارترینیان ئەوانەن کە پەیوەستن بە زۆرینەی پەرلەمانی، هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، دیاریکردنی فراکسیۆنی زۆرینە و چەندان بڕگەی دیکەی جێگەی مشتومڕ."

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری جەختیکردەوە، پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی و مێژووییدایە بۆ پێداچوونەوە بەم بڕگانە و ئەنجامدانی هەموارکردنەوەی پێویست، بەپێی ئەو میکانیزمانەی لە دەستووردا دیاریکراون تاوەکو لەگەڵ ئیرادەی گەلدا بگونجێت. رایگەیاند، گونجاندنی یاساکان لەگەڵ پێداویستییەکانی ئێستای دەوڵەت، دەبێتە هۆی بەهێزکردنی سەروەریی یاسا، پتەوکردنی دامەزراوەکان و پاراستنی ماف و ئازادییەکانی هاووڵاتییان لە سایەی سیستەمی دیموکراسیی فرەییدا.