وەزارەتی ناوخۆی عێراق: تێچووی دەرهێنانی پاسپۆرت زیاد نەکراوە
وەزارەتی ناوخۆی عێراق جەختی کردەوە، کە پرۆسەی وەرگرتنی بڕی 91 هەزار دینار وەک رسووماتی دەرهێنانی پاسپۆرتی عێراقی وەک خۆی بەردەوام دەبێت و هیچ بڕە پارەیەکی زیادە ناخرێتە سەر تێچووەکەی.
پێنجشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەنەراوێکدا ئاشکرای کرد، وەرگرتنی بڕی 91 هەزار دینار وەک رسووماتی دەرهێنانی پاسپۆرتی عێراقی، بەبێ هیچ زیادکردنێک و بە پێی ڕێکارە دیاریکراوەکانی پێشوو بەردەوام دەبێت.
وەزارەتەکە دەڵێت: ئامانج لەو راگەیەنراوە بەرچاوڕوونیی هاووڵاتییان و رێگریکردنە لە بڵاوبوونەوەی هەر زانیارییەکی ناڕاست سەبارەت بە گرانبوونی نرخی دەرهێنانی پاسپۆرت لە بەڕێوەبەرایەتی و نووسینگەکانی سەر بە وەزارەتەکە.
ئەمەش لە کاتێکدایە بەیانی ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڕیاریدابوو نرخی دەرکردن و نوێکردنەوەی پاسپۆرت بەرز بکاتەوە. بە گوێرەی بڕیارەکە، تێچووی پاسپۆرت لە 91 هەزار دینارەوە بۆ 101 هەزار دینار زیاد دەکرێت.
لای خۆیەوە بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی بە کوردستان24ـی گوتوبوو: هۆکاری ئەم گۆڕانکارییە بۆ کاریگەریی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە بەرامبەر دیناری عێراقی دەگەڕێتەوە.