فوئاد حوسێن: عێراق بووەتە قوربانیی جەنگ لە ناوچەکەدا و 60 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە

 وەزیری دەرەوەی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24 ، تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی بەغدا لەگەڵ ڤاتیکان و ئەمریکا، هاوکات ئاشکرایکرد، عێراق بووەتە قوربانیی پەرەسەندنی ململانێ هەرێمییەکان و بەهۆی وەستانی هەناردەی نەوتیشەوە نزیکەی 60 ملیار دۆلار زیانی دارایی بەرکەوتووە.

هەینی 16ـی تشرینی یەکەمی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق تایبەت بۆ کوردستان24، دەربارەی ململانێکانی ناوچەکە و جەنگی ئێران رایگەیاند: "عێراق لە سەرەتاوە بە روونی رایگەیاندووە، بە هیچ شێوەیەک نابێتە بەشێک لەو جەنگە، بەڵام بەهۆی فراوانبوونی مەودای شەڕەکە، هێرش کراوەتە سەر وڵاتەکەمان و قوربانیی لێکەوتووەتەوە، هەربۆیە دەتوانم بڵێم عێراق بووەتە قوربانیی ململانێی نێوان ئەو لایەنانەی لە جەنگەکەوە تێوەگلاون."

لە لایەنی ئابووریشەوە، رایگەیاند، بەهۆی جەنگ و داخستنی گەرووی هورمز، هەناردەکردنی نەوتی عێراق بە تەواوی وەستاوە، ئەمەش بارگرانییەکی قورسی دارایی بۆ حکوومەت دروستکردووە لەبەر ئەوەی ئابووریی عێراق بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت، گوتیشی: "لەو ماوەیەدا بەهۆی ئەم دۆخەوە نزیکەی 60 ملیار دۆلار زیان بە عێراق گەیشتووە."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، فوئاد حوسێن جەختی لەوە کردەوە کە پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات لەسەر بنەمای رێککەوتنی ستراتیژییە و تەنیا لەسەر مانەوەی هێزە سەربازییەکان دروست نەبووە تاوەکو بە رۆیشتنی هێزەکان کۆتایی بێت، بەڵکو ئێستا پەیوەندییەکان وەرچەرخانێکیان بەخۆوە بینیوە و لەبری بواری سەربازی، گرنگیی زیاتر بە پەرەپێدانی کەرتی ئابووری دەدرێت.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی عێراق و ڤاتیکانیش، وەزیری دەرەوە هێمای بۆ ئەوە کرد کە لە دیدارەکانیدا لەگەڵ لایەنی ڤاتیکان، دۆخی ژیان و گوزەرانی کریستیانەکانی عێراقی لە نزیکەوە تاوتوێ کردووە، دووپاتیشیکردەوە، مەسیحییەکان پێکهاتەیەکی زۆر گرنگ، دێرین، و رەسەنی عێراقن، و پاراستنی ماف و پێگەیان ئەرکێکی سەرەکییە.