ترەمپ: هێرشەکانمان بۆ سەر کارتێلەکانی ماددەی هۆشبەر چڕدەکەینەوە

 سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانی وڵاتەکەی هێرشەکانیان بۆ سەر پێگە و دامەزراوەکانی بەرهەمهێنان و قاچاخچێتیی ماددەی هۆشبەری سەر بە کارتێلەکان لە ئەمریکای لاتین چڕتردەکەنەوە و هۆشداریشی دایە سەرکردەکانی ئەو تۆڕانە کە کاتی خۆبەدەستەوەدانیان زۆر سنووردارە.

هەینی 16ـی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان لە کۆشکی سپی ئاشکرایکرد: "ئۆپەراسیۆنی وشکانی بۆ سەر کارتێلەکانی ماددەی هۆشبەر لە راستیدا تازە دەستی پێکردووە، چەند مانگێک لەمەوبەر دەستمانپێکردووە و ئێستاش بە توندی و بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە لێیان دەدەین."

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن ئاگاداری سەرجەم ئەو رێگایانەیە کە کارتێلەکان بۆ گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن و گوتیشی: "ئێمە دەزانین ئەوان لە کوێ دەژین و بە توندی لێیان دەدەین، گورزەکانی داهاتووشمان زۆر لە ئێستا بەئازارتر و توندتر دەبن."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ جەختیکردەوە، ئەندامان و سەرکردەکانی ئەو کارتێلانە بە باشی دەزانن "مۆڵەتێکی دیاریکراویان لەبەردەستدایە بۆ خۆبەدەستەوەدان." هاوکات لەبارەی رۆڵی مەکسیک لەم رووبەڕووبوونەوەیەدا، سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە: "دەبوایە مەکسیک خۆی ئەم کارەی بکردایە، بەڵام بە راشکاوی، ئەوان توانای کردنی ئەو ئەرکەیان نییە."