قەیس خەزعەلی: پەرۆشی ماف و مووچەی خەڵکی کوردستانین
سەرکردەی دیاری چوارچێوەی هەماهەنگی، قەیس خەزعەلی، ئاشکرای دەکات لە ماوەی دوو هەفتەدا ناکۆکیی سەر چەند وەزارەتێک چارەسەر دەکرێت؛ هاوکات پەیامێکی دڵنیایی ئاراستەی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات و جەخت لە دابینکردنی ماف و مووچەکانیان دەکاتەوە.
قەیس خەزعەلی، سەرکردەی دیاری چوارچێوەی هەماهەنگی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، ئاماژەی بەوە کرد لە ساتەکانی کۆتاییدا بەهۆی جیاوازیی دیدگاوە لەسەر یەکلاکردنەوەی چەند وەزارەتێک ڕێککەوتن نەکرا، بەڵام جەختی کردەوە بە پشتیوانیی خودا لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا ئەو بابەتە بە دروستی و بە تەواوی چارەسەر دەبێت.
سەبارەت بە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانیش، خەزعەلی ڕوونی کردەوە، ناڕەزایەتی و بۆچوونی جیاواز لەسەر ئەو پۆستە بابەتێکی تازە نییە و لەمێژە هەیە، بەڵام دڵنیایی دا کە لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا بەسەر ئەم ئاستەنگانەشدا زاڵ دەبن و یەکلایی دەکەنەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو سەرکردەیەی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕووی دەمی کردە هاووڵاتییانی کوردستان و گوتی: پەیامی ئێمە بۆ گەلەکەمان لە کوردستان، پەیامی خۆشەویستی و تەباییە؛ ئەوان بەشێکی دانەبڕاون لە عێراق و هەموومان یەک جەستەین، هاوکات زۆر پەرۆشی پاراستنی ماف و دابینکردنی مووچەکانیانین.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، قەیس خەزعەلی داوای لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و بەتایبەتی هێزەکانی هەرێمی کوردستان کرد هاوکار بن بۆ دوورخستنەوەی ناکۆکی و ململانێی سیاسی لە بژێوی و بەرژەوەندییەکانی خەڵک، تاوەکو هاووڵاتییانی عێراق بە گشتی و خەڵکی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە زیانی ئەو ناکۆکییانە پارێزراو بن.