بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک زیاد دەکرێت

کۆمپانیای بی پی بەریتانی ئامادەکاری بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک دەکات و بەنیازە ئاستی بەرهەمهێنان لە رۆژێکدا بگەیەنێتە سەرووی یەک ملیۆن و  500 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە.

هەینی 16ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای نەوتی باکوور، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە کوردستان24ی راگەیاند، بەپێی ئەو گرێبەستە درێژخایەنەی کۆمپانیای بی پی لەگەڵ حکوومەتی عێراق واژۆی کردووە، کە ماوەکەی بۆ 25 ساڵە و بڕی تێچووەکەی 25 ملیار دۆلارە، بە نیازە لە قۆناخی یەکەمدا قەبارەی بەرهەمهێنان بگەیەنێتە 450 هەزار بەرمیل نەوت لە هەر رۆژێکدا، ئاستەکە بگەیەنێتە زیاتر لە ملیۆنێک بەرمیل نەوت.

سەرچاوەکە ئاشکرای کرد، ئامانج لێی بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتە لە هەرچوار گێڵگەی نەوتی کەرکووک-بای حەسەن-زەمبوور-خەبازە) تا لە ماوەی گرێبەستەکەدا ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانە بەگەینێتە یەک ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە ، ئەمەش بەچەند قۆناخێک دەبێت، سەرەتا بۆ 450 هەزار بەهەمهێنان بەرز دەکرێتەوە، دواتر بۆ 900 و لە ئایندەیەکی درێژخایەن بۆ ملیۆنێک و 250 هەزار و دواتر دەگەیەنرێتە 1.5 ملیۆن.

ئەوسەرچاوەیە گوتیشی: ئێستا ئەو کۆمپانیایە دەستەیەکی پێکهێناوەو لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیای نێوخۆیی عێراقی بەئامانجی نویکردنەوەی ئەوهێڵانەی لە بیرەکانەوە بۆ وێستگەکان دەچن کە زۆر کۆنن و پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە ، قۆناخی دواتر ڕاکێشانی بۆڕی نوێ لەوکێڵگانەی کە هەڵکەنراون و دەبەسترێنەوە بە وێستگەکانەوە، دواتر پەرەپێدانی ئەو وێستگانەیە کە زۆربەیان لەساڵانی حەفتاکان درووستکراون و کۆن بوونە ، ئێستا ئیشکردن دەستی پێکردووەو بەپێی گرێبەستەکە بە قۆناخ پەرەپێدان و زیادکردنی بەرهەم دەستی پێکردووە.

لە کێڵگەنەوتییەکانی کەرکووک ئێستا نزیکەی 300 هەزار نەوت بەرهەم دەهێنرێت ، 180000 بەرمیل لە رێگەی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستانەوە ڕەوانەی دەرەوە دەکرێت و بەشەکەی دیکەیشی بۆ پێداویستی ناوخۆ بەکار دەهێنرێت.