لە سنە پێشانگەی تێکەڵەی رەنگی هونەری خۆشنووسی و شێوەکاری کرایەوە

پێشانگایەکی جیاواز لە نیگارخانەی تەلاوی هونەری شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان کراوەتەوە و ئەو تابلۆیانەی تیایدا نمایشکراون، تێکەڵەیەکن لە هەردوو هونەری نیگارکێشی و خۆشنووسیدا. 

هونەرێک کە هونەرمەندانی ئەم بوارە پێی دەڵێن نیگارکێشیی خەت. لەم هونەرەدا دەقێک کە زۆربەی کات پارچە شیعرێکە بە شێوازێکی هونەرمەندانە و بە شێوەیەکی جوان و خۆشنووسی دەنووسرێتەوە و شێوەی تابلۆیەکی شێوەکاری وەردەگرێت یاخود دەقەکە لەگەڵ هێندێک دیمەنی شێوەکاری تێکەڵ دەکرێت.

فایق خالیدی، هونەرمەند و مامۆستای زانکۆ دەڵێت: ئامانجێکی ئەم پێشانگەیە تەنیا بۆ خستنەڕووی هونەرەکە نییە، بەڵکوو مەبەست لێی گەیاندنی پەیامەکانی نێو تابلۆکانە بە خەڵکی و بینەران کە بەشێوەی دیالۆک بە سەردانیکارانی پێشانگاکە بگەیەنرێت.

پێشانگاکە بە هەوڵی مامۆستا فایق خالیدی و حەوت کەس لە هونەرخوازانی بەڕێوە چووە. 

پێنج لە هونەرمەندانی بەشداربووی پێشانگاکە ئافرەتن و ئەمە سێهەمین پێشانگای ئەم گرووپەیە و بە گشتی 33 تابلۆ هونەریی تێدا نمایشکراوە. 

لەیلا نوورەدین، یەكێک لە خانمە هونەرمەندەکانی بەشداربووی پێشانگاکە، دەڵێت: تابلۆکانی ئەم پێشانگایە تێکەڵەیەک لە هونەری شێوەکاری و خۆشنووسی و رەنگەکان، لەنێویاندا هونەری خۆشنووسی دوولایەنەیە، هەم هونەری جوان نووسییە، هەم هونەری دیکۆر، هەر ئەمەش وایکردووە لەم چەند ساڵەی داواییدا لە سنە بایەخێکی زیاتری پێ بدرێت.

لەم تابلۆیانەدا شیعری شاعیرانی کلاسیک و هاوچەرخی کورد و فارس، بە چەندین شێوازی جیاوازی خۆشنووسی لەوانەش خەتتی نەستەعلیق، نەسخ و سولس بە شێوەیەکی هونەری بەکار هاتوون. 

پێشانگاکە رۆژانە لە کاتژمێر چوار تا حەوتی ئێوارە بە رووی هاووڵاتییاندا دەکرێتەوە و پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت.