ترەمپ پشتگیری هەڵبژاردنەوەی ناتانیاهۆ ناکات و دەڵێت: متمانەم بە کەس نییە

 سەرۆکی ئەمریکا رەتیکردەوە پشتیوانی لە هەڵمەتی دووبارە هەڵبژاردنەوەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ سەرۆکایەتیی کابینەی داهاتوو بکات، و لەبارەی ئاستی متمانەی بە ناتانیاهۆ رایگەیاند، ئەو بە گشتی متمانەی بە هیچ کەسێک نییە.

هەینی 16ـی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی "نیوزماکس"ی ئەمریکی، کاتێک لەبارەی ئەگەری دەستوەردانی لە هەڵبژاردنەکانی 27ـی تشرینی یەکەمی ئیسرائیل پرسیاری لێکرا، ترەمپ گوتی: "ئەوان دەیانەوێت دەستوەردان بکەم، بەڵێ، ئارەزوو دەکەن من بەشدار بم." سەبارەت بە متمانەشی بە ناتانیاهۆ گوتی: "بە راشکاوی، من متمانەم بە هیچ کەسێک نییە"، بێ ئەوەی روونیکاتەوە ئایا نیگەرانییەکی تایبەتی بەرامبەر بە ناتانیاهۆ هەیە یان نا.

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئاستی جەماوەریی خۆی لە ناوخۆی ئیسرائیلدا و بانگەشەی ئەوەی کرد، "خەڵکی ئیسرائیل دەڵێن ئەگەر من خۆم بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بەربژێر بکەم، 99%ـی دەنگەکانیان بەدەستدەهێنم." لە هەمان کاتدا ترەمپ جەختیکردەوە پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ ناتانیاهۆ هەبووە و هەردوو وڵاتیش خاوەنی هاوبەشییەکی سەربازیی زۆر سەرکەوتوون.

 هەروەها ترەمپ ستایشی هەماهەنگیی سەربازیی نێوان واشنتن و تەلئەڤیڤی لە جەنگی دژ بە ئێراندا کرد و رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە سەربازییە هاوبەشەکان رۆڵێکی بەرچاویان بینیوە لە لاوازکردنی توانای سەربازی و سەرکردایەتیی دەسەڵاتی تاران.

ئەم لێدوانانەی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدایە، هەردوو وڵات لە گفتوگۆی بەردەوامدان سەبارەت بە دۆسیەی ئێران و تاوتوێکردنی ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی زیاتر بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن.