نازدار جزیری ڤیدیۆ کلیپی بەرواریی بڵاوکردەوە
نازدار جزیری، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، نوێترین گۆرانی بەناوی "بەروارییە"، بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاوکردەوە.
هەینی، 16ـی تشرینی یەکەمی 2026، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، نازدار جزیری لەبارەی بەرهەمە نوێیەکەیەوە بە کوردستان24ـی گوت "تێکست و ئاوازی خۆمە و رەندەم جەد دابەشکردنی میوزیکی بۆ کردووە، هەروەها کاری دەنگ لەلایەن دەستوور میوزیک و رێبین بەڕێوەبردنی بەرهەمی کارەکە بووە، جێبەجێکردن و دروستکردنی کارەکە لەلایەن وەزیر خالید و کاری دەرهێنانی ڤیدیۆ کلیپەکەش لەلایەن ستۆدیۆی فەلەک کراوە. هەروەها سوپاسی تایبەتیش ئاراستەی تیمی ئامادەکاریی چوارەمین فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکان لە دەڤەری بەرواری باڵا دەکەم بۆ هاوکارییەکانیان."
جزیزی سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکەی گوتی "تێکست و وێنەکانی ڤیدیۆ کلیپەکە گەڕانەوەیەکی جوانە بۆ ریشە و مێژووی باپیرانمان، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی نەوەی نوێ ئاگاداری ناسنامە و مێژووی نەتەوەیی خۆیان بن."
نازدار جزیری گوتی، "بەشداریکردن و پێشکەشکردنی ئەم گۆرانییەم لە فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکاندا، گرنگیی هونەر لە پەرەپێدان و ناساندنی ناوچە گەشتیاری و کشتوکاڵییەکان و بەرهەمهێنانی ناوخۆیی دەردەخات."
نازدار جزیری، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، لە ساڵی 1987 لە جەزیرەی بۆتان لە باکووری کوردستان لەدایکبووە. هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە بواری دەروونزانیدا. جزیری لە ساڵی 2007ـدا دەستی بە کاری هونەری کردووە و بە شێوەزاری کرمانجی و سۆرانی گۆرانی دەڵێت.