ئێران بۆ رێگری لە جەنگ پەنا بۆ نێوەندگیران دەبات

وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەخت لە هەوڵەکانی لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە دەکاتەوە بۆ رێگریکردن لە گەڕانەوەی جەنگ.

هەینی 16ـی تشرینی یەکەمی 2026، کازم غەریب ئابادی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، زۆربەی هەوڵەکانی تاران لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکان و بە هاوکاریی نێوەندگیرەکان، ئامانجیان رێگریکردنە لە سەرهەڵدانەوەی جەنگ لەگەڵ ئەمریکا.

غەریب ئابادی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئامادەین بۆ سیناریۆ جیاوازەکان لە ئەگەری سەرهەڵدانی ململانێیەکی سەربازیی نوێ لەگەڵ ئەمریکا".

ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جەختیکردەوە، واشنتن بەردەوامە لە گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ ئەو ناکۆکییانەی لەنێوان هەردوولا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەن. هاوکات ترەمپ هۆشداریدا لە بۆردومانکردنی وێستگەی ئەتۆمیی چیای ئەلفەئس لە ئێران.

ترەمپ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی، ئێران داوای لە ئەمریکا کردووە هێرشەکانی بۆ سەر ئەو وڵاتە رابگرێت و دووپاتیکردەوە گفتوگۆکان لەگەڵ تاران بەردەوامن.

سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: "ئێمە چەکی ئەتۆمی دژی ئێران بەکارناهێنین و ناچار نین ئەو کارە بکەین". سەبارەت بەو راپۆرتانەی باس لە بەکارهێنانی دایکی بۆمبەکان دژی ئێران دەکەن، ترەمپ جەختیکردەوە دایکی بۆمبەکان چەکی ئەتۆمی نییە.

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران هەینی رایگەیاندبوو، "سزاکانی ئەمریکا کێشەیان بۆ ئێمە و بۆ جیهان دروستکردووە و بەردەوامبوونیان دۆخەکە خراپتر دەکات". پزیشکیان روونیکردەوە، باشتر وایە ئەمریکا لەبری لۆژیکی هێز، بە لۆژیکی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران مامەڵە بکات.