پاکستان رۆڵی خۆی لە ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە رادەگەیەنێت
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان رایگەیاند، ئیسلامئاباد رۆڵێکی گرنگی لە بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە گێڕاوە.
هەینی 16ـی تشرینی یەکەمی 2026، تایەر ئەندەرابی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە لێدوانێکدا دووپاتیکردەوە، وڵاتەکەی لە قۆناغێکی هەستیاردا کاریگەریی بەرچاوی لە ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکەدا هەبووە.
ئەندەرابی لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا گوتی: "ئێران وڵاتێکی دۆستە و سەرکردایەتییەکەی پێزانینی زۆریان بۆ رۆڵی پاکستان لە نێوەندگیری و سەرخستنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد دەربڕیوە."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان سەبارەت بە لێدوانەکانی موحسین زەنگەنە، پەرلەمانتاری ئێران لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ کابوڵ گوتی: "ئاگاداری ئەو قسانەم، بەڵام ناتوانم لەسەر راست و دروستییەکەی لێدوان بدەم، چونکە رەنگە لە سیاقەکەی دەرخرابن و سەرکردایەتی و گەلی ئێران پێزانینیان بۆ هەوڵەکانی پاکستان هەیە."
ئەندەرابی ئەوەشی خستەڕوو، ئەندامانی پەرلەمانی ئێران ستایشی ئەو رۆڵە بونیاتنەرەیان کردووە پاکستان لە ناوچەکەدا گێڕاویەتی. ئەندەرابی جەختیکردەوە، وڵاتەکەی بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ ئەوەی دڵنیابێت ئەو هەوڵانە دەرەنجامی ئەرێنییان لێ دەکەوێتەوە.