بەغدا هەنگاوی نوێ بۆ بەهێزکردنی توانای بەرگریی ئاسمانی دەستپێدەکات
وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، تەواوکردنی تواناکانی بەرگریی ئاسمانی لە پێشینەی کارەکانیانە لە پلانەکانی پڕچەککردن و پەرەپێدانی توانا سەربازییەکاندا، ئەوەش بەگوێرەی رێنماییەکانی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان.
هەینی 16ـی تشرینی یەکەمی 2026، یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ـی گوت: "پڕچەککردن و بونیاتنانی تواناکان یەکێکە لە پێشینەکان لە سەرجەم هێزەکاندا". رەسوڵ روونیکردەوە، وەزارەت پلانی بۆ تەواوکردنی بونیاتنانی تواناکانی بەرگریی ئاسمانی، هێزی ئاسمانی، فڕۆکەوانیی سوپا، سەرجەم هێزەکانی دیکە و بواری هەواڵگری داناوە.
وەزارەتی بەرگری بۆ جێبەجێکردنی ئەو پلانانە، لێژنەی هونەریی تایبەتی پێکهێناوە. یەحیا رەسوڵ گوتی: "لێژنەکان سەردانی چەند وڵاتێکی پێشکەوتوویان کردووە بۆ ئاگاداربوون لە توانا و ئەزموونەکانیان لە بواری پڕچەککردندا، هەروەها هەڵسەنگاندنی پێویست بۆ دیاریکردنی بژاردە گونجاوەکان بۆ پێداویستییەکانی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەکەن".
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری جەختیکردەوە، ئەو بابەتەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان جەختی لەسەر کردووەتەوە، تەواوکردنی بونیاتنانی تواناکانی بەرگریی ئاسمانییە. رەسوڵ روونیکردەوە، وەزارەت بەردەوامە لە تاوتوێکردنی بژاردە بەردەستەکان و هەڵبژاردنی چەکی گونجاو بۆ بەهێزکردنی ئەو توانایانە.
سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوو، یەحیا رەسوڵ روونیکردەوە، لێژنە هونەرییەکان بەردەوام دەبن لە هەڵسەنگاندنی توانا و چەکەکان، ئەوەش بۆ ئامادەکاری لەپێناو بڕیاردان لەبارەی تەواوکردنی بونیاتنانی تواناکان یان واژۆکردنی گرێبەست بۆ کڕینی سیستەمی پڕچەککردن. رەسوڵ گوتیشی، وەزارەت بەشێوەیەکی فەرمی وردەکاریی گرێبەستەکان، هاوردەکردنی چەک یان گەیشتنیان بۆ عێراق رادەگەیەنێت کاتێک رێکارە پێویستەکان تەواو دەبن.
لە کۆتاییدا یەحیا رەسوڵ روونیکردەوە، پلانی وەزارەتی بەرگری بوارە سەربازییەکان بەتایبەت بەرگریی ئاسمانی، هێزی ئاسمانی، فڕۆکەوانیی سوپا و هەواڵگری دەگرێتەوە. ئەو گوتەبێژە رایگەیاند، نایف شەمری، وەزیری بەرگری کە متمانەی پەرلەمانی عێراقی بەدەستهێناوە، ئێستا لە لووتکەی دەسەڵاتی وەزارەتەکەدایە و بەو پێیەی ئەفسەرێکی سەربازییە، کار بۆ تەواوکردنی بونیاتنانی توانا سەربازییەکان و پەرەپێدانی تواناکانی دامەزراوەی بەرگری دەکات.