بەقایی: ئێران ئامادەیە نێوەندگیری لە نێوان سعوودیە و یەمەن بکات
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تاران ئامادەیی تەواوی هەیە تواناکانی بخاتە گەڕ بۆ هاوکاریکردن لە چارەسەرکردنی ئاشتییانەی ناکۆکییەکانی نێوان سعوودیە و یەمەن، لە ئەگەری ئەوەی هەردوولا داوای لەو جۆرە بکەن.
هەینی 16ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی درەوەی ئێران، لە لێدوانێکدا رایگەیاند، پێشهاتەکانی 12 ساڵی رابردوو سەلماندیان کە دەستتێوەردانی دەرەکی، پەنابردن بۆ بژاردەی سەربازی و گەمارۆدان، رێگەچارەی کێشەی یەمەن نین. ئاماژەی بەوەش کرد گەلی یەمەن زیاتر لە دەیەیەکە بەرگەی گەمارۆی ئاسمانی و دەریایی دەگرن کە لەلایەن ئەکتەرە دەرەکییەکان بەتایبەتی بەریتانیا و ئەمریکاوە داڕێژراوە، و گوتیشی: "چاوەڕوان دەکرێت وڵاتانی ناوچەکە و جیهانی ئیسلامی هەوڵی جددی بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆخە بدەن."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەموو ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە باس لە دەستتێوەردان یان رۆڵی تاران لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی یەمەندا دەکەن و جەختی کردەوە: "هێزە چەکدارەکانی یەمەن بەپێی بەرژەوەندی و هەڵسەنگاندنەکانی خۆیان بڕیار دەدەن و کار دەکەن." ئیسماعیل بەقایی دووپاتیشی کردەوە، چارەسەری بنەڕەتیی کێشەی یەمەن لە رێگەی رێزگرتن لە سەروەریی نیشتمانی، پاراستنی یەکپارچەیی خاکەکەی، دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆ و لە سەرووی هەمووشیانەوە کۆتاییهێنان بە گەمارۆی ئاسمانی و دەریایی بەدی دێت.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، بەقایی پێداگریی لەسەر ئەوە کرد کە پەرەسەندنی زیاتری گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نییە و تاران بەردەوام خوازیاری کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانە.