سێنتکۆم: گەرووی هورمز لەژێر کۆنترۆڵی ئەمریکا و هاوبەشە هەرێمییەکانیدایە نەک ئێران

 فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، گەرووی هورمز لەژێر چاودێری و کۆنترۆڵی تەواوەتیی هێزەکانی ئەمریکا و هاوبەشە هەرێمییەکانیدایە نەک تاران، هاوکات ئاشکرای کرد تەنیا لە هەفتەی رابردوودا 400 کەشتیی بازرگانی بە سەلامەتی بەو گەرووەدا تێپەڕیون.

هەینی 16ـی تشرینی یەکەمی 2026، براد کووپەر، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە لێدوانێکدا روونیکردەوە، هێزەکانیان هاوکار بوون لە گواستنەوەی زیاتر لە 1.3 ملیار بەرمیل نەوت بە گەرووی هورمزدا. ئاماژەی بەوەش کرد کە ریکارەکانی سێنتکۆم باجێکی قورسی داراییان بەسەر رژێمی ئێران و بەتایبەتی سوپای پاسداران سەپاندووە و بێبەشیان کردووە لە هەناردەکردنی نەوتی خاو کە بەهاکەی لانیکەم 25 ملیار دۆلارە. ناوبراو ئاشکراشی کرد کە لە ئێستادا زیاتر لە 50 هەزار سەربازی ئەمریکی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر کراون.

براد کووپەر تیشکی خستە سەر ئۆپەراسیۆنی پێشووی "تووڕەیی داستانئاسا" و گوتی: "لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە فراوانەدا گورزی گەورەمان لە توانای ئێران وەشاند بۆ سەپاندنی هەژموونی لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی؛ هێزی دەریایی ئێرانمان نوقم کرد، کارگەکانی دروستکردنی چەکیانمان وێران کرد و توانای سوپای پاسدارانمان بۆ هەڵدانی مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە توندی لاواز کرد."

براد کووپەر راشیگەیاند، لە دوای ئەو هەڵمەتە سەربازییە 38 رۆژەیەوە، زیاتر لە 50 هەزار سەربازی ئەمریکی بەردەوامن لە پاککردنەوەی مینە دەریاییەکانی ئێران لە گەرووی هورمز، پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان و سەپاندنی گەمارۆیەکی دەریایی توند، بە جۆرێک جگە لە هاوکارییە مرۆییەکان، هیچ جۆرە هاوردە و هەناردەیەکی دەریایی بۆ ئێران نەماوەتەوە. هەروەها سێنتکۆم پاڵپشتیی دەزگاکانی ئەمریکای کردووە لە بلۆککردنی نزیکەی 350 ملیۆن دۆلار لە دراوە دیجیتاڵییەکان کە تاران بۆ دابینکردنی دارایی چەک و قەرەبووکردنەوەی کارگە وێرانکراوەکانی بەکاری دەهێنان.

دەربارەی کاریگەرییە ئابوورییەکان لەسەر ناوخۆی ئێران، فەرماندەی سێنتکۆم روونیکردەوە، گوشارەکان گەیشتوونەتە هەموو کەرتەکان، بە جۆرێک دەسەڵاتی تاران مووچەی لە فەرمانبەرانی کەرتی نەوت، وزە، پیشەسازی و هێزە ئەمنییەکان و تەنانەت خودی سوپای پاسدارانیش بڕیوە. هەروەها بەپێی راپۆرتەکان، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تاران لە ناوچەکەدا مووچەی چەکدارەکانیان راگرتووە تا پارەکە بۆ سوپای پاسداران رەوانە بکەن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بێئومێدی و قەیرانی قووڵی دارایی تاران.

سەبارەت بە هەڕەشەکانی سەر کەشتیوانیش، کووپەر ئاماژەی بەوە کرد کە لە مانگەکانی رابردوودا سوپای پاسداران چەندین جار پەلاماری کەشتییە بازرگانییەکانی لە نێویاندا کەشتییە رووسییەکانی داوە لە گەرووی هورمزدا. بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی دەریایی نێودەوڵەتی (IMO)، لە مانگی شوباتی رابردووەوە تا ئێستا زیاتر لە 20 کەشتیوانی مەدەنی بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە گیانیان لەدەست داوە.