دابەزینی بەهای دینار نرخی خۆراکی لە دهۆک بەرزکردووەتەوە
تێکچوونی هاوسەنگیی نێوان دینار و دۆلاری ئەمریکی، شەپۆلێکی نوێی گرانیی خستووەتە بازاڕەکان و بژێویی ڕۆژانەی هاووڵاتییانی خستووەتە ژێر فشارێکی قورسەوە. لە شاری دهۆک، بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکان نیگەرانیی هاووڵاتییانی لێکەوتووەتەوە و قایمقامیەتی شارەکەش رایدەگەیەنێت؛ بە چڕی چاودێریی بازاڕ دەکەن تا ڕێگری لە هەر قۆرخکاری و گرانکردنێکی دەستکردی نرخەکان بگرن.
دابەزینی بەردەوامی بەهای دراوی نیشتمانی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر گیرفانی خێزانەکان دروستکردووە. لێرە لە بازاڕی وشکەوات (متایێ هشک) لە شاری دهۆک، هەر جووڵەیەکی نەرێنیی دراوەکە بە خێرایی لەسەر رەفەی دووکانەکان رەنگی داوەتەوە و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی زۆربەی کەلوپەلەکان؛ هاووڵاتییان لەم دۆخە نیگەرانن و داوا دەکەن ئەم شڵەژانە داراییە نەکرێتە دەرفەتێک بۆ قۆرخکاری.
عادل عەلی، هاووڵاتی بە کوردستان24ـی راگەیاند: "بازاڕ هەمووی گران بووە و دوای بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، چەند هەزارێک چووەتە سەر نرخی هەموو شتێک، بەڕاستیش ئەمە کاریگەریی خۆی لەسەر دۆخی ئێمە دروستکردووە."
خۆراک و پێداویستییە بنەڕەتییەکانی وەک برنج، شەکر و ڕۆن لە پێشەنگی ئەو کاڵایانەن کە ڕاستەوخۆ نرخیان هەڵکشاوە. هاووڵاتییان خۆیان وەک قوربانیی یەکەمی ئەم گرانییە دەبینن و داوا دەکەن لایەنە پەیوەندیدارەکان چارەسەرێکی بەپەلە بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخەکان بدۆزنەوە.
فەرهاد محەمەد، هاووڵاتی دەڵێت: "هەموو شتێک گران بووە؛ برنج، شەکر، زەیت و ڕۆن، هەموو شتێکی ناو بازاڕ گرانیی بەخۆیەوە بینیوە و بەهیوای ئەوەین چارەسەرێک بۆ بازاڕ بدۆزرێتەوە."
بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و نەهێشتنی هەڵکشانی دەستکردی نرخەکان، قائیمقامیەتی شارۆچکەی دهۆک چەندین لێژنەی چاودێریی خستووەتە گەڕ، بە مەبەستی بەدواداچوونی رۆژانەی بازاڕ و دڵنیابوونەوە لەوەی کە بارگرانیی ئەم تەنگژەیە تەنیا نەکەوێتە سەر شانی خەڵک.
بریندار حەیدەر، قائیمقامی شارۆچکەی دهۆک گوتی: "لێژنەکانی بەدواداچوونی بازاڕ و لێژنە هاوبەشەکان رۆژانە سەردانی بازاڕ دەکەن بۆ ئەوەی نرخی کەلوپەلەکان گران نەکرێت، ئەوەی لە تواناماندا بێت دەکرێت و تا ئێستاش چەندین رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران گیراونەتەبەر."
هەرچەندە هۆکاری سەرەکیی گرانییەکە بۆ کێشەی دراو دەگەڕێتەوە، بەڵام هاووڵاتییان چاویان لەسەر بەردەوامیی چاودێرییە توندەکانی لێژنە پەیوەندیدارەکانە، تاوەکو رێگری لە قۆستنەوەی قەیرانەکان لەلایەن بازرگانانەوە بکرێت و پێداویستییە سەرەکییەکان لە ئاستی توانای کڕینی خەڵکدا بمێننەوە.