بەرامبەر هەر گۆڵێک زیندانیەک ئازاد دەکرێت

یانەی پێرسپۆلیس
یانەی پێرسپۆلیس

یانەی پێرسپۆلیسی ئێرانی لە هەنگاوێکی بێ وێنەدا، بڕیاریداوە یانەکەی بەرامبەر تۆمار کردنی هەر گۆڵێک لەسەر هەموو ئاستی تەمەنەکانی واتە تیپەکانی یانەکەی زیندانیەک  ئازاد بکات.

لە هەنگاوێکی بێ وێنە و مێژوویی کە تاوەکو ئێستا لە مێژووی تۆپی پێدا نەبووە، یانەی پێرسپۆلیسی ئێرانی بڕیاریداوە ئەم وەرزە، بەرامبەر هەر گۆڵ تۆمار کردنێک لە خول و پاڵەوانێتیەکان، یەک زیندانی ئازاد بکرێت، ئەم هەنگاوە یانەکەی شاری تارانی پایتەختی ئێران نەک تەنها لەسەر ئاستی تیپی یەکەمی یانەکەیانە، بەڵکو لەسەر ئاستی هەموو تەمەن و رەگەزەکانە، واتە تیپەکانی لاوان و تازەپێگەیشتووان و ئافرەتانیش دەگرێتەوە.

پەیام حەدادی سەرۆکی یانەی پێرسپۆلیس لە دیمانەیەکدا لەگەل یەکێک لە کەناڵەکانی ئێران گووتی، لە سەرەتای وەرزە تاوەکو ئێستا لەسەر ئاستی هەموو تەمەنەکان، تیپەکانیان 40 گۆڵیان تۆمار کردووە، ئەوانیش 43 زیندانیان ئازاد کردووە، رێکارەکانی ئازاد کردنی ئەو زیندانیانە بەم شێوەیە، یانەکە تەنها ئەو زیندانیانە ئازاد دەکات کە بەهۆی قەرزەوە زیندانی کراون یاخود کوشتنی نا ئەنقەست، واتە بە ئەنقەست ئەو تاوانەیان نەکردبێت، ئازاد کردنەکە چۆنە، یانەی پێرسپۆلیس بەرامبەر هەر زیندانیەک پارەیەک پێشکەشی کەسانی بەرامبەر دەکات و ئەوانیش لە رەزامەندی دەدەن و لە زیندانیەکە خۆش دەبن و حکومەتیش ئازادیان دەکات.

ئەمە یەکەمجار نیە یانەکانی ئێران ئەم هەڵوێستە بەرامبەر زیندانیەکان دەنوێنن، پێشتریش چەندان یانەی ئەم وڵاتە وەکو کارێکی مرۆیانە چەندان کەسیان لە زیندان ئازاد کردووە کە بە جۆرێک زیندانی کراون تووشی هەڵەیەک نەخوازراو بونەتەوە.