عێراق لە 9 مانگدا زیاتر لە 834 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە
ناوەندی چاودێریی ئابووریی "ئیکۆ عێراق" لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، عێراق لە ماوەی نۆ مانگی یەکەمی ساڵی 2026ـدا نزیکەی 834.7 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی بەرهەمهێناوە. بەپێی داتاکان، مانگی ئەیلوول بەرزترین ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی لەو ساڵەدا تۆمارکردووە، کە گەیشتووەتە 4.399 ملیۆن بەرمیل، ئەوەش پێش داخستنی گەرووی هورمز بووە.
بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە مانگەکانی کانوونی دووەم و شوباتدا لە ئاستی ئاسایی خۆی ماوەتەوە و تێکڕای رۆژانەیان لە 4.1 ملیۆن بەرمیل تێپەڕیوە. لە مانگی ئاداردا و هاوکات لەگەڵ تێکهەڵچوونەکانی ناوچەکە، ئاستی بەرهەمهێنان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و لە مانگی ئایاردا گەیشتووەتە نزمترین ئاست، پاشان لە مانگەکانی دواتردا بەرهەمهێنان بە شێوەیەکی خاو دەستی بە بووژانەوە کردووەتەوە.
ناوەندەکە روونیکردەوە، تێکڕای بەرهەمهێنانی رۆژانە لە کانوونی دووەمدا 4.097 ملیۆن بەرمیل و لە شوباتدا 4.140 ملیۆن بەرمیل بووە. لە ئاداردا ئاستەکە دابەزیوە بۆ 1.906 ملیۆن بەرمیل و لە نیساندا بۆ 1.633 ملیۆن بەرمیل، هەروەها لە ئایاردا گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی کە 1.406 ملیۆن بەرمیل بووە، پاشان لە حوزەیراندا بۆ 1.525 ملیۆن بەرمیل بەرز بووەتەوە.
ئیکۆ عێراق ئاشکرایکرد، پرۆسەی بووژانەوەکە لە چارەکی سێیەمی ساڵدا بەردەوام بووە، بە جۆرێک تێکڕای بەرهەمهێنان لە تەممووزدا بۆ 2.901 ملیۆن بەرمیل و لە ئابدا بۆ 3.746 ملیۆن بەرمیل بەرز بووەتەوە، تا لە مانگی ئەیلوولدا گەیشتووەتە 4.399 ملیۆن بەرمیل رۆژانە. ئەم داتایانە پشت بە خشتەی ئۆپێک دەبەستن کە ناوەندەکە بۆ راپۆرتەکەی بەکاریهێناوە.
لە کۆتاییدا، ناوەندەکە جەختدەکاتەوە، ئاستی بەرهەمهێنانی ئەیلوول بەرزترین ئاستی رۆژانە بووە لە سەرەتای ساڵەوە تا پێش داخستنی گەرووی هورمز.