فەرمانبەرانی گرێبەست هەڕەشە لە یاری کلاسیکۆ دەکەن

یانەی بارسێلۆنا
یانەی بارسێلۆنا

بەشێک لە کارمەندانی گرێبەستی یانەی بارسێلۆنا پێش یاری کلاسیکۆ بەرامبەر ریاڵ مەدرید، هەڕەشەی ئەوە دەکەن ئەگەر لە ماوەی ئەم هەفتەیە دانەمەزرێندرێن بایکۆتی یاری کلاسیکۆ دەکەن.

رۆژنامەی وەرزشی سپۆرتی کەتەلۆنی بڵاویکردەوە، ماوەیەکە بەشێک لەو کارمەندانەی یانەی بارسێلۆنا کە بە شێوەی گرێبەست دامەزراون، داوای دامەزراندن دەکەن بەڵام هیچ کاتێک بەرپرسانی یانەکە بە دەنگ داواکارییەکانیان نەهاتوون، بۆیە ئەوانیش بە دەرفەتیان زانیوە پێش یاری کلاسیکۆ هەڕەشەی بایکۆت کردنی دەوام لە بەرپرسانی یانەکە بکەن.

ئەو کارمەندە گرێبەستانەی کە هەڕەشەی بایکۆتی دەوامەکەیان دەکەن نزیکەی 60 کارمەندن و تاوەکو ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی دانەمەزراون، هەروەها کارگێڕی یانەکەش هاندەرانی یانەکەی دڵنیا دەکاتەوە، ئەو هەڕەشانە هیچ کاریگەری نابێت و یاری کلاسیکۆ لە وادەی خۆی دەکرێت.

بڕیارە رۆژی 25ـی ئەم مانگە واتە یەکشەممەی داهاتوو، یانەی بارسێلۆنا لە گەڕی 10ـی خولی ئیسپانیا و لە یاریگای کامپ نۆ میوانداری ریاڵ مەدرید بکات، ئەو کارمەندانەش هەڕەشەیان کردووە لە رۆژی 23 مانگ بۆ ماوەی سێ رۆژ واتە تاوەکو 26ـی مانگ بایکۆتی دەوام دەکەن.