سزادانی بانکێکی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە قەیرانێکی گەورە دروستدەکات
سزادانی بانکی "گەشەپێدانی نێودەوڵەتی" لەلایەن ئەمریکاوە، چارەنووسی بڕێکی زۆری پارەی هاووڵاتییان و بازرگانان دەخاتە مەترسییەوە، پێشبینیش دەکرێت قەیرانێکی گەورە بەرەوڕووی بانکەکە ببێتەوە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی دێسکی ئابووریی کوردستان24، کۆی گشتیی پارەی هەژمارەکانی بانکی "گەشەپێدانی نێودەوڵەتی" تاوەکو کۆتایی مانگی ئاداری ئەمساڵ، گەیشتووەتە 2.6 ترلیۆن دینار.
سەرچاوەیەک لە نێو بانکەکە، بە کوردستان24ـی راگەیاند، پارەی پاشەکەوت و دانراوی هاووڵاتییان و بازرگانانی عێراق بە نزیکەی 1.5 ترلیۆن دینار دەخەمڵێندرێت.
پێشبینی دەکرێت لە سبەی یەکشەممەوە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، خەڵکێکی زۆر بۆ وەرگرتنەوەی پارەکانیان روو لە بانکەکە بکەن، ئەمەش قەیرانێکی گەورە دروستدەکات، هاوشێوەی ئەو رووداوەی چەند هەفتەیەک پێش ئێستا بەرەوڕووی بانکی تەیفی ئیسلامی بووەوە.
بەهۆی سزادانی بانکەکەوە، سەرجەم سەروەت و سامانەکانی لە دەرەوەی وڵات سڕ دەکرێن و دەخرێنە ژێر کۆنترۆڵی ئەمریکاوە، ئەمەش توانای بانکەکە بۆ گەڕاندنەوەی پارەی هاووڵاتییان کەمدەکاتەوە.
بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی چەندین خزمەتگوزاری پێشکەش بە هاووڵاتییان و کۆمپانیاکان دەکات، هەروەها بەشدارە لە پڕۆژەی "تطوين" واتا جێگیرکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق، بەوەش ئەو فەرمانبەرانەی لە رێگەی ئەو بانکەوە مووچە وەردەگرن رووبەڕووی کێشە دەبنەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە لە چەند رۆژی رابردوودا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی عێراقیدا سەپاند. وەزارەتەکە، باسی لەوە کرد، بانکەکە ئاسانکاری بۆ ئێران کردووە تاوەکو دەستی بە دۆلاری ئەمریکی بگات، هەروەها تۆمەتباری کرد بەوەی پەیوەندی بەو گرووپە چەکدارانەوە هەیە لە عێراقدا پاڵپشتیی تاران دەکەن.
لە بەرانبەردا، بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی لە راگەیەنراوێکدا، ئەوەی خستەڕوو، سەرجەم ئەو تۆمەتانە رەتدەکەنەوە و بەردەوام پابەندی رێکارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق و یاسا نێودەوڵەتییەکانن.
پێشتریش بانکی ناوەندیی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا سزای بەسەر زیاتر لە 14 بانکی دیکەی عێراقیدا سەپاندووە بە مەبەستی رێگریکردن لە بردنە دەرەوەی دۆلار بۆ ئەو لایەنانەی سزای نێودەوڵەتییان لەسەرە.