تا ئێستا مووچەخۆران زیاتر لە 11 تریلیۆن دیناریان لە رێگەی "هەژماری من" وەرگرتووە

هەژماری من
هەژماری من

زیاتر لە یەک ملیۆن مووچەخۆر لە هەرێمی کوردستان بە شێوەی دیجیتاڵی مووچە وەردەگرن و قەبارەی ئەو پارەیەی لە رێگەی پڕۆژەی "هەژماری من" مامەڵەی پێوەکراوە، 11 ترلیۆن دیناری تێپەڕاندووە.

ئەمڕۆ شەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2026، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە راپۆرتێکدا ئامارە نوێیەکانی پڕۆژەی "هەژماری من"ـی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە دا، تاوەکو سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی 2026، زیاتر لە 1,140,000 مووچەخۆر لە پڕۆژەکەدا تۆمارکراون، ئەم ژمارەیەش دەکاتە رێژەی 99%ـی کۆی مووچەخۆران. 

فەرمانگەکە، باسی لەوە کرد، 1,070,000 مووچەخۆر کارتی بانکییان وەرگرتووەتەوە، لە مووچەی مانگی ئەیلوولی رابردوودا 1,020,000 مووچەخۆر مووچەکانیان لە رێگەی ئامێرەکانی راکێشانی پارە وەرگرتووە، ئەمەش دەکاتە 90%ـی تێکڕای مووچەخۆران.

سەبارەت بە قەبارەی دارایی، فەرمانگەکە، ئەوەی خستەڕوو، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 11 ترلیۆن دینار لە رێگەی پڕۆژەکەدا خراوەتە سەر هەژماری بانکیی مووچەخۆران، لەو بڕەش 62 ملیار دینار لە نێو هەژمارەکاندا وەک پاشەکەوت هێڵدراوەتەوە.

لە بارەی ئاماری مووچەخۆران لە رووی جوگرافییەوە، پارێزگای هەولێر بە 422,130 مووچەخۆر لە پلەی یەکەمدایە، دواتر پارێزگای سلێمانی دێت بە 372,194 کەس، پارێزگای دهۆک 196,741 مووچەخۆر و پارێزگای هەڵەبجەش 25,225 مووچەخۆری هەیە.

لە رووی جۆری سوودمەندانیشەوە، فەرمانبەرانی مەدەنی بە 398,293 مووچەخۆر زۆرترینن، دواتر خانەنشینان بە 313,844 کەس، هێزە سەربازییەکان بە 237,763 کەس و بنەماڵەی شەهیدانیش بە 66,390 کەس دێن.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری، روونیکردەوە، لە ئێستادا نزیکەی 800 ئامێری راکێشانی پارە لە 200 شوێنی جیاواز جێگیرکراون، ئامانجیشیانە ژمارەکە بۆ هەزار ئامێر بەرزبکەنەوە. 

حەوت بانک لە پڕۆژەکەدا بەشدارن بەم شێوەیە، ئاڕ تی بانک 205 ئامێر، بانکی جیهان 177 ئامێر، بانکی نیشتمانیی عێراق 158 ئامێر، بانکی ئیسلامیی عێراقی 121 ئامێر، بانکی بەغداد 30 ئامێر، بانکی بازرگانیی عێراقی 21 ئامێر و بانکی بی بی ئەی سی شەش ئامێری هەیە.

فەرمانگەکە جەختی کردووەتەوە، بەشداربووان لە ماوەیەکی نزیکدا دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان بانکەکانیان بگۆڕن، هەروەها بڕی تێچووی راکێشانی پارە لە بانکی دیکە تەنیا 4000 دینارە. بۆ هەر کێشەیەکیش مووچەخۆر دەتوانێت لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی بانکەکەیەوە کارتەکەی رابگرێت یان پەیوەندی بە هێڵی گەرمی 1991ـەوە بکات.

پڕۆژەی "هەژماری من"، لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتی ساڵی 2023 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە راگەیەنرا. ئامانجی سەرەکیی ئەم پڕۆژەیە، گۆڕینی سیستەمی ئابووریی هەرێمی کوردستانە لە مامەڵەی نەختینەییەوە بۆ سیستەمێکی دیجیتاڵی و بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران. ئەم هەنگاوە یارمەتیدەرە بۆ بەهێزکردنی شەفافیەت، کەمکردنەوەی رۆتین و رێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە و گەندەڵی.