عێراقچی: پلانێکی حەوت رۆژەمان بە ئەمریکا داوە و چاوەڕوانی وەڵام دەکەین
وەزیری دەرەوەی ئێران لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەرەوەی رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامیدا، پێشکەشکردنی دەستپێشخەرییەکی وڵاتەکەی بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی دەریایی ئاشکرایکرد و رایگەیاند، لە رێگەی قەتەرەوە نەخشەڕێگەیەکی حەوت رۆژەیان خستووەتە بەردەست و ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەمریکادایە.
شەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی لە رێگەی دەوحەوە پەیامێکی روونی گەیاندووە و تیایدا هاتووە: "ئەگەر مەرجە پێویستەکان دەستەبەر بکرێن، دەکرێت گەرووەکە بکرێتەوە و هاتوچۆی ئاسایی کەشتیوانی لە ماوەی حەوت رۆژدا دەستپێبکاتەوە، ئێستاش هەڵبژاردنەکە بۆ لایەنی ئەمریکی جێهێڵدراوە."
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆبوونەوەکەی بەغدا رایگەیاند، وڵاتەکەی هەمیشە پابەندی دیپلۆماسی و یاسا نێودەوڵەتییەکان بووە، بەڵام رووبەڕووی جەنگی سەپێنراو و دەستدرێژیی سەربازی بووەتەوە. عێراقچی لە بارەی ئاسایشی دەریایی لە گەرووی هورمز ئاشکرایکرد، تاران لە رێگەی قەتەرەوە پلانێکی دیاریکراوی حەوت رۆژەی گەیاندووەتە لایەنەکان و گوتی: رامانگەیاندووە ئەگەر مەرج و زەمینەی پێویست فەراهەم بکرێت، دەکرێت گەرووەکە بکرێتەوە و هاتوچۆی ئاسایی دەریایی لە ماوەی حەوت رۆژدا دەستپێبکاتەوە، هەربۆیە ئێستا هەڵبژاردن و بڕیار لە لایەن ئەمریکاوەیە.
عێراقچی رایگەیاند، لێکتێگەیشتنی 17ی حوزەیرانی ئیسلامئاباد کرد کە بە نێوەندگیریی پاکستان و پشتیوانیی قەتەر ئەنجام درابوو و روونیکردەوە، تاران لەگەڵ عومان دەستی بە وتووێژی تەکنیکی کردبوو و لە ماوەیەکی کەمدا 60٪ی هاتوچۆی کەشتیوانی گەڕابووەوە دۆخی ئاسایی، بەڵام هەنگاوە یەکلایەنەکان و هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا رێگر بوون لە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە.
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختیکردەوە، ئاسایش بە دووبارەکردنەوەی هەڵەکان نایەتە کایەوە و گوتی: ناکرێت وڵاتێک بۆردومان بکرێت، گەمارۆ بخرێتە سەری و هەڕەشەی لەناوبردنی لێ بکرێت، پاشان چاوەڕوان بن ئاسایشی کەشتیوانی ئاسایی بێتەوە. ئێران بە هەموو شێوەیەک بەرگری لە گەل و خاک و بەرژەوەندییە رەواکانی دەکات، هاوکات هیچ دژبەرییەک لە نێوان بەرگریکردن لە مافەکانمان و هەوڵدان بۆ ئاشتیدا نابینین، ئێمە بە باشی لە زیانەکانی جەنگ تێدەگەین و رێک لەبەر ئەم هۆکارەشە کە بەهایەکی زۆر بۆ ئاشتی دادەنێین.
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، عێراقچی تاوانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بەرامبەر بە خاکی ئێران و هاووڵاتیانی مەدەنی خستەڕوو و داوای لە وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی کرد کە هەڵوێستێکی روون و پتەویان بەرامبەر بە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی ئێران هەبێت.
دەربارەی ئاسایشی ناوچەکەش، وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریی دا لەوەی ناکرێت وڵاتێک ئاسایشی خۆی لەسەر حیسابی ناسەقامگیریی دراوسێکانی بنیاتبنێت و رایگەیاند: پێویستە خاک و ئاسمانی وڵاتانی ناوچەکە تەنیا لە خزمەت ئاسایشی هەرێمیدا بێت، نەک بکرێتە سەکۆیەک بۆ دەستپێکردنی هێرش دژی دراوسێکانیان. بژاردەی بەردەممان روونە: یان دەبێت پێکەوە ئاسایش بنیاتبنێین، یاخود دەبێت هەموومان پێکەوە باجی ناهاوسەنگی و ناسەقامگیری بدەین.
لە کۆتایی وتارەکەیدا، عێراقچی پرسی فەڵەستین و کۆتاییهێنان بە تاوانەکانی غەزە وەک پرسێکی لەپێشینە بۆ جیهانی ئیسلامی ناوبرد، هاوکات پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ یەکپارچەیی خاکی یەمەن و سعوودیە دووپاتیکردەوە و چارەسەری سیاسیی بە تەنیا رێگەی کۆتاییهێنان بە قەیرانەکانی ناوچەکە لەقەڵەم دا، هەروەها سوپاسی دەوڵەت و گەلی عێراقی کرد بۆ میوانداریکردنی ئەم کۆبوونەوە گرنگە.