هاکان فیدان: هەموومان لە یەک ناوچەداین و پێویستە هاوکاریی یەکتر بین
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکانی ئێران جەختی لەسەر گرنگیی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان وڵاتانی ناوچەکە کردەوە و رایگەیاند، گەلانی ناوچەکە چارەنووسێکی هاوبەشیان هەیە و پێویستە دەستی هاوکاری بۆ یەکتر درێژبکەن.
شەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2026، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ عەباس عێراقچی، هاوتا ئێرانییەکەی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئیسلامی بە میدیا ئێرانییەکانی گوت: وەک دەزانن، ئەم کۆبوونەوەیە لە رووی سیاسی و ناوچەییەوە بایەخێکی زۆری هەیە، لە پەنجا و یەکەمین خولدا تورکیا وەک سەرۆکی کۆبوونەوەکە دەستنیشانکرابوو، بەڵام لەم خولەدا سەرۆکایەتییەکە رادەستی عێراق کراوە.
فیدان ستایشی رۆڵی دیپلۆماسیی بەغدای کرد و روونیکردەوە: لە ساڵانی رابردوودا عێراق سیاسەت و دەستپێشخەریی گرنگی گرتووەتە بەر و رۆڵێکی بەرچاوی لە هاوکێشەکاندا گێڕاوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەربارەی دۆخی ناوچەکە و تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە، فیدان رایگەیاند، ئێمە هەموومان لە یەک ناوچەدا پێکەوە دەژین و ئەرکمانە هاوکاریی یەکتربکەین. هەروەها ئاشکرایکرد، کە لە دانیشتنەکەدا کۆمەڵێک پرسی سەرەکی، لەوانە، دۆخی ئابووری، پرسی فەڵەستین و هەروەها بابەتەکانی پەیوەست بە داگیرکارییەکان لە لوبنان و سووریا، بە وردی تاوتوێ کراون.