رەشنووسی بودجەی 2027 هێشتا نەنێردراوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران
بە پێچەوانەی ئەو دەنگۆیانەی باس لە گەڕاندنەوەی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 دەکەن، بەدواداچوونی کوردستان24 و لێدوانی پەرلەمانتارێکی کورد دەریدەخەن کە رەشنووسەکە تا ئێستاش لە وەزارەتی داراییە و چاوەڕوان دەکرێت دوای گەڕانەوەی وەزیر لە دەرەوەی وڵات، لەم هەفتەیەدا رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت.
ئەو هەواڵ و دەنگۆیانەی لە چەند رۆژی رابردوودا باسیان لەوە دەکرد کە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2027 لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە گەڕێندراوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی راست نین؛ بەپێی بەدواداچوونەکانی کوردستان24، رەشنووسەکە تا ئێستاش لە قۆناخی ئامادەکردندایە لە نێو وەزارەتی داراییدا و هێشتا ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران نەکراوە تا بگەڕێندرێتەوە.
شەممە 17ی تشرینی یەکەمی 2026، شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، پشتڕاست کردەوە و گوتی: رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 کە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە کاری لەسەر دەکرێت، تاوەکو ئەم ساتەش رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نەکراوە.
شێروان دووبەردانی ئاشکراشی کرد کە فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق ئێستا لە دەرەوەی وڵاتە و دوای گەڕانەوەی وەزیر، لە میانەی ئەم هەفتەیەدا کۆتایی بە داڕشتنی پڕۆژەیاساکە دەهێنرێت و بە فەرمی رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت بۆ تاوتوێکردن و پەسەندکردنی.
سەبارەت بەو نووسراوەشی کە لە 27ی ئەیلوولی رابردوو لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بڵاوکرایەوە گوایە پڕۆژەکە نێردراوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەو هەنگاوە تەنیا رێکارێکی شکڵی و کارگێڕی بووە بە مەبەستی دەربازبوون لە لێپرسینەوەی یاسایی؛ چونکە بەپێی ماددەکانی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی عێراق، دەبێت هەموو ساڵێک پێش 1ی تشرینی یەکەم پڕۆژەیاسای بودجە تەواو بکرێت و رادەستی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت، لە کاتێکدا لە رووی کردارییەوە کارکردن لەسەر تەواوکردنی بڕگە و ژمارەکانی بودجەکە تا ئێستاش بەردەوامە.