وەزارەتی دارایی: لە کۆی 144 مووچە، بەغدا تەنیا پارەی 46 مووچەی ناردووە
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماری وردی ناردنی پشکی بودجە لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت، حکوومەتی فیدراڵ لە ساڵی 2014 تا 2025 تەنیا تێکڕای 2،04%ی بودجەی گشتیی عێراقی بۆ هەرێم ناردووە، کە تەنیا بەشی 46 مووچەی فەرمانبەرانی کردووە لە کۆی 144 مووچە.
شەممە 17ی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا داتای دارایی پەیوەست بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق لە ماوەی ساڵانی 2014 تا 2025 بڵاوکردەوە؛ بەپێی داتاکان، تێکڕای ئەو ڕێژە کردارییەی بەغدا دوای لێبڕینە سیادییەکان، قەرز و پابەندییە داراییەکانی تر بۆ هەرێمی کوردستانی ناردووە، تەنیا 2،04%ی کۆی بودجەی گشتی بووە، لە کاتێکدا دەبوو بەپێی شایستە یاساییەکان رێژەی 17% یان 12.67% بێت.
وەزارەتی دارایی روونی کردووەتەوە، لە ماوەی ئەو 12 ساڵەدا، کۆی ئەو بڕە پارەیەی لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان تەنیا 41 تریلیۆن و 42 ملیار دینار بووە، لە کاتێکدا شایستەی راستەقینەی هەرێم لەو ماوەیەدا 212 تریلیۆن و 761 ملیار دینار بووە. ئەو بڕە پارە کەمەشی نێردراوە تەنیا بەشی دابینکردنی 46 مووچەی فەرمانبەران و سوودمەندانی هەرێمی کوردستانی کردووە لە کۆی 144 مووچە.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ساڵانی 2014، 2020، 2022دا حکوومەتی فیدراڵ بە پاساوی نەبوونی یاسای پەسەندکراوی بودجە، تەواوی ئەو پارانەی بۆ هەرێمی کوردستانی ناردووە وەک قەرز هەژماری کردوون، تاوەکو دواتر و لە کاتی پەسەندکردنی بودجەی گشتیدا لە شایستە داراییەکانی هەرێمی ببڕێتەوە.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم ئاماژەی بە داتاکانی خودی وەزارەتی پلاندانانی عێراق کردووە کە لە ساڵی 2024 و لە دوای ئەنجامدانی سەرژمێریی دانیشتووان بڵاوکراونەتەوە، و جەختی کردووەتەوە بەپێی رێژەی دانیشتووان، پشکی یاسایی و دادپەروەرانەی هەرێمی کوردستان دەگاتە 14.14%ی تەواوی بودجەی گشتیی عێراق.